بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێم لەبارەی پرسی داهات بچنەوە بەغدا و چارەنووسی مووچەی مانگی هەشت دیاریدەکەن.
ئەمڕۆ دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان، بەمیدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان هەموو دەسەڵاتێکى داوەتە وەزیرى دارایی بۆ کۆکردنەوەى 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى و هەر کاتێک بەغداد داواى بکات رادەستى دەکەن، لە پێناو بەردەوامى و مسۆگەرکردنى مووچە.
دواى رێککەوتنى سێقۆڵى بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە 25ـى ئەیلول و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە 27ـى ئەیلول، ئێستا ئاستەنگى سەرەکى لەبەردەم ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان داهاتى نانەوتییە، ئەگەر هەفتەى داهاتوو گفتوگۆکانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق بگەنە ئەنجامێک بۆ دیاریکردنى بەشى گەنجینەى فیدراڵى لە داهاتى نانەوتى، چاوەڕوان دەکرێت گرفت بۆ ناردنى مووچەى مانگى هەشت دروستنەبێت.
لەلایەکی ترەوە، میدیای پارتی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم چەند ڕۆژێکە دەستی بە کۆکردنەوەی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ کردووە، سەرچاوەیەکیش پێی ڕاگەیاندوونن، لە هەوڵدان لە دوو هەفتەی داهاتوودا تەواوی پارەکە ئامادە بکەن، بەو ئامانجەی مووچەی مانگی هەشت زوو بنێردرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی کورد لە بەغدا داوایان کردووە دوو مووچە لەدوای یەک بنێردرێن، ناوەڕاستی ئەم مانگە مووچەی مانگی هەشت، کۆتایی مانگیش یان سەرەتای مانگی داهاتوو مووچەی مانگی نۆ بنێردرێت. ئەمەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوو مووچە دابەش بکرێت.
