پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی، سەردانی سلێمانیش بکات.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” و، ئەندامێتیی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی “بەدر” و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی “ئەساس”ـە.
شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لایەن شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ پشتیوان سادق و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ پێشوازیی لێ کرا.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، یەکلاییکردنەوەی کاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت.
