بڕیارەکەی ئوسترالیا بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ، سەرنجێکی جیهانی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە.
ئێستا حکومەتەکانی سەرتاسەری جیهان تاوتوێی جێبەجێکردنی سیاسەتی هاوشێوە دەکەن، پێشبینیش دەکرێت شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) وڵاتی داهاتوو بێت کە ئەم هەنگاوە بنێت.
ئەم قەدەغەکردنە لە ئوسترالیا لە ١٠ی کانوونی یەکەمەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەکۆ گەورەکانی وەک (رێدیت، ئێکس، ئینستاگرام، یوتیوب و تیک تۆک) دەگرێتەوە.
ئەم پلاتفۆرمانە ناچار کراون میکانیزمێکی کارا بۆ دڵنیابوونەوە لە تەمەن بەکاربهێنن، تاوەکو ڕێگری بکەن لەوەی منداڵانی خوار ١٦ ساڵ بتوانن هەژمار دروست بکەن. ئەو کۆمپانیایانەی پابەندی ئەم بڕیارە نابن، ڕووبەڕووی سزای دارایی توند دەبنەوە کە دەگاتە نزیکەی ٣٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی “CNBC”، هەرچەندە کاردانەوەی مێرمنداڵان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا و شارەزایان جیاواز بووە، بەڵام حکومەتەکان لە زۆر وڵاتدا سەرقاڵی داڕشتنی پڕۆژەیاسان بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی هاوشێوە. ئەو وڵاتانەی کە ئێستا تاوتوێی قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خوار ١٦ ساڵ دەکەن، بریتین لە: فەڕەنسا، دانیمارک، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و یۆنان.
سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، هەرچەندە لەم ڕووەوە کەمێک دواکەوتووە و پێناچێت قەدەغەکردنێکی گشتگیر لەسەر ئاستی نیشتمانی بسەپێنرێت، بەڵام بایەخێکی زۆری لەسەر ئاستی ویلایەتەکان و ناوخۆییەکان هەیە.
ڕافی ئایر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی “نیلی” لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا، ئاماژە بەوە دەکات کە پێشبینیکردنی سیاسەتی فیدراڵی قورسە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم بابەتە پشتگیری هەر دوو پارتی سەرەکی (کۆماری و دیموکراتەکان)ی هەیە، ئەگەری جێبەجێکردنی هەیە.
ئایر پێشبینی دەکات لە چەند ساڵی داهاتوودا هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا ئەم جۆرە یاسایانە پەسەند بکەن. بۆ نموونە، یاسادانەران لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و تێکساس خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئەم قەدەغەکردنە لەسەر ئاستی ویلایەتەکانیان جێبەجێ بکەن. هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت حکومەتەکان لەم هەنگاوەیاندا ڕووبەڕووی بەرگری و دژایەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا ببنەوە.
