دوای ئەو شەپۆلە سەرمایەی چەند ڕۆژێكە لەگەڵ ڕەشەبا ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، لە سبەینێوە كاریگەری لاواز دەبێت و دوو سبەی پلەكانی گەرما جارێكی دیكە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەنەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی چوار شەممە 24/9/2025 پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە و کاریگەری بای باکوری ڕۆژھەڵاتیش لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم بەردەوامی ئەبێت و خێرایی باکە کەمتر ئەبێتەوە و پاشان کۆتایی پێدێت.
ڕاشیگەیاند، لە دوو سبەی پێنج شەممەوە 25/9/2025 کاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەی لەسەر ناوچەکانمانە بەتەواوی دوور دەکەوێتەوە و کاریگەری نامێنێت، لە ئەنجامدا لە رۆژی پێنج شەممەوە پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ئەمڕۆ و رۆژانی ڕابردوو بە رێژەی 3 تا 4 پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە و تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو جێگیر ئەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داھاتوودا ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی باکوری ناوچەکە بکەوێتەوە و ژێر کاریگەری بارستە ھەوایەکی سارد و جارێکی دیکە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزم ببنەوە.
