هەینی. ئازار 6th, 2026

شەڕی غەززە ڕاگیراو قۆناغی یەکەمی ئاگربەست ڕاگەیەنرا

سەیرکراوە: (1.6K)

سەرچاوەکان وردەکارییەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی کەرتی غەززەیان ئاشکرا کرد، کە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس گەیشتە قۆناغی کۆتایی.

سەرچاوەیەک لە حەماس پشتڕاستی کردەوە؛ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانیانی فەلەستینی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری یەکەمی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا دەبێت.

سەرچاوەکە دەڵێت؛ قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە “ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییە زیندووەکان و زیاتر لە ٢٠٠٠ زیندانی فەلەستینی لەخۆدەگرێت”.

سەرچاوەیەکی دیکە لە حەماس کە ئاگاداری دانوستانەکان بوو، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە؛ قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە “ئاڵوگۆڕی دیلە ئیسرائیلییە زیندووەکان و ئازادکردنی ٢٥٠ فەلەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و ١٧٠٠ زیندانی کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستگیرکراون، و کشانەوەی سەربازیی ئیسرائیلی بە کاتی دیاریکراو” لەخۆدەگرێت.

بەپێی بەرپرسێکی ئەمریکی، “بارمتەکان ٧٢ کاتژمێر دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.

بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی تەلەفۆنیدا بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس، ڕایگەیاند؛ ڕێککەوتنەکە لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئیسرائیلدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ پەسەندکردن نمایش دەکرێت، و بە پەسەندکردنیان، ئیسرائیل ناچار دەبێت بکشێتەوە بۆ هێڵی ڕێککەوتن لەسەرکراو، کە پێشبینی دەکرێت کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بخایەنێت.

بەرپرسە ئەمریکییەکە پێشبینی کرد کە پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکان ڕۆژی دووشەممە دەستپێبکات.

لە هەمان چوارچێوەدا، وتەبێژێکی حکومەتی ئیسرائیل بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند؛ ئیسرائیل پێشبینی دەکات ئازادکردنی بارمتەکان ڕۆژی شەممە دەستپێبکات.

وتەبێژەکە ڕوونی نەکردەوە کە ئایا حکومەت پێشبینی دەکات ٤٨ بارمتە ماوەکەی دیکە، زیندوو و مردوو، دەستبەجێ ئازاد بکرێن یان نا.

هەروەها نێوەندگیرانی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە ڕایانگەیاند؛ ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە ڕێگە بە وەستاندنی جەنگ لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی و گەیشتنی یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەدات.

کەناڵی “قاهیرە ئەلئەخباریا”ش ڕایگەیاند؛ “ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی وەستاندنی جەنگ و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان و دیلەکان و گەیشتنی یارمەتی. وردەکارییەکان لە داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.”

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەیان واژۆ کردووە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێشنیار کراوە، کە ڕێگە بە ئازادکردنی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان دەدات.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند: “شانازی دەکەم ڕابگەیەنم کە ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانەکەمان بۆ ئاشتییان واژۆ کردووە”، وتیشی “ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە هەموو بارمتەکان زۆر بە زوویی ئازاد دەکرێن، و ئیسرائیل هێزەکانی بۆ هێڵێکی ڕێککەوتن لەسەرکراو دەکێشێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی و بەردەوام.”

ئەم ڕاگەیاندنە ڕۆژێک دوای دووەمین ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هات، کە بووە هۆی دەستپێکردنی هەڵمەتی وێرانکەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

دەسەڵاتدارانی غەززە دەڵێن زیاتر لە ٦٧ هەزار کەس کوژراون، و ناوچەیەکی فراوان لە کەرتی غەززە وێران کراوە لەوەتەی ئیسرائیل وەڵامە سەربازییەکەی بۆ هێرشەکەی حەماس دەستپێکردووە.

بەپێی بەرپرسانی ئیسرائیلی، نزیکەی ١٢٠٠ کەس لە هێرشەکەدا کوژراون و ٢٥١ بارمتە بۆ غەززە براون.

لەنێو ٤٨ بارمتە کە هێشتا لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن، تەنها ٢٠ کەسیان بە زیندوویی ماون.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 86 Today: 2,490 📊 Click Here