ئەمڕۆ چوارشەممە ٨/١٠/٢٠٢٥، زانا عومەر موئنس یاغی خەڵاتی نۆبڵی کیمیای بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەدەستھێنا، وەک ئەکادیمیای شاھانەی سویدی بۆ زانستەکان ڕایگەیاند.
لێژنەی نۆبڵ لە پێگەی خۆی لە پلاتفۆرمی “ئێکس” ئاماژەی بەوەداوە؛ خەڵاتەکە بە ھەریەک لە عومەر یاغی و سوسومۆ کیتاگاوا و ڕیچارد ڕۆبسۆن بەخشراوە، وەک ڕێزێک بۆ “پەرەپێدانی چوارچێوەی کانزایی – ئۆرگانی”.
ئەم خەڵاتە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک، لەلایەن ئەکادیمیای شاھانەی سویدی بۆ زانستەکان دەبەخشرێت، براوەکان بڕی ١١ ملیۆن کرۆنی سویدی (١.٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی)یان پی دەبەخشرێت.
عومەر یاغی کێیە؟
عومەر یاغی لە ساڵی ١٩٦٥ لە عەممان لەدایکبووە، ئەردەنی – فەڵەستینییە، لەئێستادا سەرۆکی پۆستی جەیمس ونێڵتجی تریتەرە بۆ کیمیا لە زانکۆی کالیفۆرنیا بێرکلی، یەکێک لەزانایانی سەر بە تاقیگەی نیشتمانی لۆڕێنس بێرکلی و بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری پەیمانگای جیھانی بێرکلییە بۆ زانستەکان.
یاغی وەک ئەندامێک لە ئەکادیمیای نیشتمانی ئەمریکی بۆ زانستەکان و ئەکادیمیای نیشتمانی ئەڵمانی بۆ زانستەکان لیۆپۆڵدینا ھەڵبژێردرا، و لە لیستی بەناوبانگترین و باشترین زانایان و ئەندازیارانی جیھان بۆ ماوەی نێوان ١٩٩٨ و ٢٠٠٨ پلەی دووەمی بەدەستھێنا.
لە ساڵی ٢٠٢١ ڕەگەزنامەی سعودیی وەرگرتووە، و لە ساڵی ٢٠٢٤ خەڵاتی نوابیغی عەرەبی بەدەستھێناوە.
یاغی خوێندنەکەی لە کۆلێژی کۆمەڵگەی ھادسۆن ڤالی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکرد، پاشان خوێندنی لە زانکۆی ئەلبانی تەواو کرد، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ بڕوانامەی دکتۆرا لە کیمیادا لە زانکۆی ئیلینۆیس بەدەستبھێنێت.
لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ و ١٩٩٢ وەک ھاوڕێی توێژینەوە لە زانکۆی ھارڤارد کاری کرد، پاشان لە زانکۆی ئەریزۆنا (١٩٩٢-١٩٩٨)، و زانکۆی میشیگان (١٩٩٩-٢٠٠٦)، و زانکۆی کالیفۆرنیا لۆس ئەنجلۆس (٢٠٠٧-٢٠١٢) وانەی وتەوە، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ بچێتە زانکۆی کالیفۆرنیا بێرکلی.
یاغی بە دامەزراندنی زانستی کیمیای تۆڕی (Reticular Chemistry) ناسراوە، کە سەرنج دەخاتە سەر بەستنەوەی کوتلەکانی دروستکردنی گەردیلەیی بە بەندی بەھێزەوە بۆ پێکھێنانی چوارچێوەی کراوە کە لە سەدان کاردا بەکاردەھێنرێن، دیارترینیان چوارچێوەی کانزایی-ئۆرگانی (MOFs)ن.
یاغی لە ماوەی کارکردنیدا ژمارەیەکی زۆر خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستھێناوە، لەوانە خەڵاتی جیھانی شا فەیسەڵ لە کیمیادا (٢٠١٥)، و خەڵاتی مستەفا لە تەکنەلۆژیا و زانستی نانۆدا، و خەڵاتی جیھانی ئەلبێرت ئەنیشتاین بۆ زانستەکان، جگە لە میدالیای نایابی پلە یەک لە پاشا عەبدوڵڵای دووەمەوە لە ساڵی ٢٠١٧.
پرۆفیسۆر یاغی لە ساڵی ٢٠١١ وەک دووەم باشترین زانای کیمیایی لە جیھاندا پۆلێن کرابوو، بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە کیمیادا لە ساڵی ٢٠١٥ کاندید کرا.
خەڵاتی کیمیای ساڵی ڕابردوو بەخشرایە دەیڤد بەیکەر لە زانکۆی واشنتۆن (سیاتڵ) و دێمیس هاسابیس و جۆن جەمپەر لە گۆگڵ دیپمایند بەهۆی پێشکەوتنەکانیان لە دیزاینی پرۆتینی ژمێرەیی و پێشبینیکردنی پێکهاتەی پرۆتین، کە پزیشکی و بایۆتەکنەلۆجیای پێشخست.
خەڵاتەکانی نۆبڵ، کە بەپێی وەسیەتنامەی داهێنەری سویدی ئەلفرێد نۆبڵ دامەزراون و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠١ بەخشراون، بە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕێزلێنانەکانی جیهان دادەنرێن.
ساڵانە لە بوارەکانی فیزیا، کیمیا، فیزیۆلۆژیا یان پزیشکی، وێژە، و ئاشتی پێشکەش دەکرێن، لەگەڵ خەڵاتی ئابووری کە دواتر لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن بانکی ناوەندی سویدەوە زیادکرا.
لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە، خەڵاتەکانی نۆبڵ هەندێک جار ڕاگیراون، ٤٩ جار، بەزۆری لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم و جەنگی جیهانی دووەمدا. هەروەها لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەهۆی پەتای کۆڤید-١٩ خەڵاتەکان پێشکەش نەکراون.
براوەکان مەدالیا و بڕوانامەکانیان لە مەراسیمێکدا لە ستۆکهۆڵم لە ١٠ی کانوونی یەکەم، ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ، وەردەگرن.
