وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ئەو پزیشکانەی دەرچووی ساڵانی خوێندنی 2023-2024 دەخرێنە گرێبەستە فەرمییەکان، لەگەڵ مووچەکانیان بەپێی بڕیارنامەی ژمارە 315ی ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی 2019 خەرج دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای نوسراوێکی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بووە، کە بڕیارنامەی کابینەی ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠٢٦ی ئەنجومەنی وەزیرانی لەخۆگرتبوو، هەروەها لەسەر بنەمای نووسراوێکی وەزارەتی پلاندانان و پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەكان”.
بەگوێرەی بەیانننامەكە، بڕیاردراوە گرێبەست لەگەڵ ئەو پزیشکانە بکرێت، کە ناویان لە لیستە فەرمییەکاندا هاتووە، لەگەڵ دامەزراندنی فەرمییان دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی یەکلایی بکرێتەوە. ماوەی گرێبەستەکە بۆ ئیقامەی پزیشکییان ئەژمار دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، مووچەی پزیشکانی گرێبەست بەپێی میکانیزمی بڕیارنامەی (٣١٥)ی ساڵی ٢٠١٩ خەرج دەکرێت، هاوکات فەرمانگە تەندروستییەکان لە قائیمقامیەتەکان دەسەڵاتیان پێدراوە ڕێکارە گرێبەستییە پێویستەکان بۆ ئەو کەسانەی دەیانگرێتەوە تەواو بکەن، هەریەکەیان بەپێی بازنەی کارگێڕی خۆیان.
