وەزارەتی بەرگری عێراق وردەكاری ڕووداوەكەی ئەمڕۆی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی بڵاوكردەوە و دەڵێت: بەهۆی تەقینەوەی گوللەیەكی ئارپیچی لەكاتی مەشق، خوێندكارێك گیانی لەدەستداوە و سێ خوێندكاری دیكە بریندارن.
وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە میانەی چالاکییەکی تەقەکردن کە بڕیاربوو لە چوارچێوەی پڕۆگرامی مەشق و ڕاهێنان بۆ خوێندكارانی وەجبەی 89 لە کۆلێژی سەربازی سێیەم لە قەڵاچوالان لە سلێمانی، تەقینەوەیەکی گوللە ئارپیچی ڕوویدا و بەهۆیەوە چوار خوێندکاری کۆلێژ برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە، دەستبەجێ بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن. سێ کەسیان دوای وەرگرتنی فریاگوزاری سەرەتایی چاکبوونەتەوە، خوێندکاری چوارەمیش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و بە فڕۆکە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوابەدوای ئەو ڕووداوە، وەزارەتی بەرگری لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کردەوە بۆ دیاریکردنی هۆکار و بارودۆخی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسان.
