عەنتەرناشەکان جۆرێك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بوون، ناوی ماركەكەیان (ئینتەرناشیوناڵ) بوو، كەچی لای كوردی خۆمان كورت كرابوویەوەو کرابوو بە عەنتەرناش.
جا مەسەلەی كورداندن و كورتاندن، دیاردەیەكی پڕ سەیر و سەمەرەیە و لە زمانەكەماندا كورتكردنەوەی زۆر جوان بۆ وشەكان دەكرێن. بۆ نموونە چەند گوندێك لە نزیک هەڵەبجەوە هەن، پێشتر دوچاری (تەعریب ـ عەرەباندن) هاتبوون و ناوەكان بە عەرەبی (ابوعبیدة ـ جلیلة ـ عِنَب) بوون، كەچی لای خۆمان كراون بە (عەبابەیلێ ـ جێڵە ـ عەنەب) وشەی ترێ بە عەرەبی كراوە بە عەنەب كە ناوێكە هیچ مانایەكی لە فەرھەنگی کوردیدا نیە، هەروەها وشەی جلیلە و ابوعبیدە ش بەهەمان شێوە.
بابێینەوە سەر وشەی عەنتەرناشەكەی سەرەتا كە چۆن چوە ناو فەرهەنگی زمانی قسەكردنی رۆژانە، بۆنموونە بابەتێك گەشتبێتە بنبەست دەڵێن عەنتەرناش رزگاری ناكات، یان عەنتەرناشی بۆ بهێنن چارەسەری دەكات، جا ئێستا لە كوردیشدا ناوەكە بووە بە وشەیەكی لێكدراو، بڕگەی یەكەم عەنتەر و بڕگەی دوەم ناش..
واز لە ناشەكە بهێنن چونكە لە ناشیوناڵەكەی ئینگلیزەوە وەرگیراوە، دەمەوێت باس لە وشەی عەنتەر بكەم كە كوردستان پڕ بووە لە تراكتۆری عەنتەر 70 و 71 و 80 و جۆرەكانی تریش، لەوەش گەڕێن باس لە (ابوعنتر) ناكەین كە ئەكتەرێكی سوری بوو رۆڵی شەقاوەی دەبینی ناوی (ناجی جبر) بوو (1945 ـ 2019)، ئێستا ئەم وڵاتی سوریایە دەیان گروپ و تاقمی عەنتەرو ابو عنتری بەناوی جۆراوجۆرەوە دروستكردوە.
با لێرەوە لە وشەی (شەقاوە ـ عنتر) دەرگایەك لەسەر وشەسازی كوردی بكەینەوە، شەقاوە و عەنتەر خەریكە ئەوەندە زۆر دەبن وا دیارە وەك توێژێك لە كۆمەڵگە باسیان لێدەكرێت و ئەم تاقم و ناو و نازناوانە لە سەروی یاسا و دابونەریتەوە خۆیان دەنوێنن، لەسەروو خەڵكەوەن، لە پێش هەموو زانا و دانا و مێژوونووس و رۆشنبیرەكانەوە خۆیان دادەنێن، عەنتەر لە كوێدا بخرێتە (تۆڕی) یاساوە راستەوخۆ یان زۆنەكەی بەجێدەهێڵێت یان هەرێمەكە یان وڵاتەكە، ئیتر تا ماوەیەك خۆی لەبەرچاوان ون دەكات و چەند ساڵێكی تر لە بەرگ و لە حاڵ و لە كەسایەتیەكی نوێدا دەردەكەوێتەوە.
عەنتەرەكان پارە دەدزن و هەزار و یەك بیانوی شەرعی و یاسایی بۆ دزیەكەیان دەهێننەوە، زوڵموزۆر دەکەن و خۆیان لەبەرگی فریشتەدا دەبینن، عەنتەرەكان خیانەت دەكەن و دەڵێن ئێمە نەبووینایە ئێستا ئەم ھەرێمەو ئەم دۆخە وا نەدەبوو بەڵکو وەھا دەبوو، خۆیان بە شۆڕشگێر و دڵسۆزی كوردایەتی و وڵات دەزانن.
عەنتەرەكان كە چەكیان پێبوو قسەكردن لەگەڵیان دەبێتە یاریكردن بە ئاگر، كە ئۆتۆمبیلیان لێخۆڕی لەسەر جادە و لەسەر شۆستە و ناوەڕاستەكاندا دەبێت تیژرەوی و پێشەكی بۆ ئەوان بێت، كە سیاسەت و حزبایەتیش بكەن مەرجە هەمیشە ئەوان یەكەم بن و لەپێشەوە بن، خەڵكی تریش لەدوای ئەوانەوە هەر بیكوتێتەوە، عەنتەرەكان برابەشی سەركەوتن و خۆشیەكان و داهات و دەستكەوتەكانن، بەڵام لە نشوست و شكست و دۆڕان و پاشەكشە و دابەزینەكاندا، بە سیحری قادر خۆیان لەو شكستانە لادەدەن و ئەوان نابێت هۆكاری شكست بووبن.
بە كوردیەكە و بە كورتیەكەی: عەنتەرەكان سوارن و ئێمەش پیادە. ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
