بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی بەلێزمە و ئەو لافاوە گەورەیەی کە شارۆچکەی چەمچەماڵی گرتەوە، دیواری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی ڕووخا. لە چرکەساتی ڕووداوەکەدا ژمارەیەک قوتابی لە نزیک دیوارەکە بوون، بەڵام پیاوێکی فریادڕەس بە ناوی کەمال فەتاح تەوەکەلی (٦١ ساڵ) بە خێرایی هاتە دەست و بووە فریادڕەسی نزیکەی ٣٠ قوتابی.
کەمال فەتاح تەوەکەلی کە خانەنشینە بە هاوکاری کوڕەکەی و خوشکەزایەکی توانی قوتابییەکان ڕزگار بکات، لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە ساتی ڕووداوەکە و ڕزگارکردنی قوتابییەکان کرد.
کەمال فەتاح تەوەکەلی ڕایگەیاند: “کاتی لافاوەکە من لە ماڵی خۆمدا بووم، تەماشام کرد پاڵ دیوارەکە پڕ بوو لە منداڵ. هێشتا دیوارەکە نەڕووخابوو. لە ماڵەوە دەرچووم و هەرچۆنێک بێت خۆم گەیاندە لای منداڵەکان. سەرەتا وا چووین منداڵەکانی خۆمان بهێنینەوە”.
تەوەکەلی ئاماژەی بەوە کرد خوشکەزاکەی چووەتە سەر دیوارەکە و پێی ڕاگەیاندووە کە ناو قوتابخانەکە پڕ پڕە لە ئاو و، وتی: “خێرا ئەوەم بەبیرداهات کە ئاوەکە ئەم دیوارەش دەخات و دەڕووخێت. خێرا ئەومان لەسەر دیوارەکە داگرت و، زیاتر لە ٣٠ منداڵ لە پاڵ دیوارەکەدا ڕاوەستابوون، هەموویانمان ڕزگار کرد و، لە کۆتا هەنگاوماندا دیوارەکە ڕووخا”.
هەروەها تەوەکەلی جەختی لە مەترسیی لافاوەکە کردەوە و، وتی: “ئەگەر لەوێدا بماینایە کەسمان بە سەلامەتی دەرنەدەچووین. سوپاس بۆ خودا کەس لەوێدا زیانی بەرنەکەوت و گشت منداڵەکانمان ڕزگار کرد”.
سەبارەت بە دیمەنی ڕووخانی دیوارەکە کە لە کامێرای ماڵەکەی تۆمار کراوە، تەوەکەلی وتی: “ئەمە ئەو دیمەنەیە کە هاتم منداڵەکانم دوورخستەوە. بە بۆچوونی خۆم گوتم ئەم دیوارە دەڕووخێت. ئەوە خۆمم دیارم لە دیمەنەکەدا، منداڵەکان هەموویان پاڵ دەنێم، هاوار لە هەموو خەڵکی دەکەم و دەیانگەڕێنمەوە نەیەنە ئەوێ. هەموو منداڵەکانمان خستە ئەو یاریگای تاتانەوە. سوپاس بۆ خودا هەموو ڕزگارمان بوو، خودا کردیە مێشکی منەوە کە ئەو منداڵانە ڕزگار بکەم”.
تەوەکەلی هۆکاری کۆبوونەوەی ئاوەکەی بۆ چاڵێکی پشت دیوارەکە گەڕاندەوە و، ڕایگەیاند: “پشتی دیوارەکە وەک بەنداوێک بوو، هەر بینیم گوتم ئەم دیوارە دەڕووخێت. ئیدی کەوتمە هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنی منداڵەکان. ئەگەر لانەچووینایە بە خۆشمەوە هەموو لەوێدا تیادەچووین”.
کۆچەر کەمال (٣٧ ساڵ)، کوڕی کەمال فەتاح، کە بەشداری پرۆسەی ڕزگارکردنی قوتابیەکان بوو، باسی ساتی ڕووداوەکەی کرد و، وتی: “ئەم سێ منداڵەم بەدەستمەوە بوو کاتێک کە هاتمە دەرەوە، ئەمەیانم دایە دەست کەسێک و ئەم دووانەم بەدەستەوە مایەوە، لەو کاتەدا دیوارەکە ڕووخا، ئیتر هێز و توانام تێدا نەما، یەکێک لە منداڵەکان ئاوەکە بردی لەدەستم و کوڕێکی دراوسێمان گرتبوویەوە، بەس ئەوی دیکەیانم هەر بەدەستەوە بوو”.
کۆچەر ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی ڕزگارکردنی منداڵەکان و چوونی بۆ ناو قوتابخانەکە ئەژنۆی زەبری بەرکەوتووە، چونکە بۆ ئەوەی دەرگای قوتابخانەکە دانەخرێت، ئەژنۆی خستووەتە بەر دەرگاکە و، وتی: “ڕاستە منداڵی خۆمانی تێدا بوو، بەڵام منداڵی ئەو خەڵکەش بە منداڵی خۆمان دەزانین، بۆیە بەبێ جیاوازی هەموویمان ڕزگار کرد. وازمان لە منداڵەکانی خۆمان هێناو بوو. منداڵی خەڵکی دیکەمان ڕزگار دەکرد”.
