هەینی. ئازار 6th, 2026

فوئاد حسێن بۆ باراک: پێکهێنانی حکومەتی عێراق پرسێکی ناوخۆییە

سەیرکراوە: (1.1K)

فوئاد حسێن دەربارەی ناڕەزاییەکانی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بە تۆم باراکی ڕاگەیاند، “پێکهێنانی حکومەتی عێراق پرسێکی ناوخۆییە”.

ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییە گەشەسەندووەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا و جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کرایەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، “لایەنی ئەمریکی پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە گرنگەی حکومەتی عێراق دەربڕی سەبارەت بە گواستنەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە دەرەوە بۆ زیندانەکانی ناوخۆی عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانیدا”.

فوئاد حسێن دووپاتی کردەوە کە عێراق بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتییەکانیان کە تێوەگلاون لە کەیسەکانی تیرۆر بۆ وڵاتەکانی خۆیان؛ هەروەها ستایشی ڕەزامەندی حکومەتی تورکیای کرد بۆ وەرگرتنەوەی تیرۆریستە تورکەکان.

هەر لە دیدارەکەدا، باس لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی لە سووریا کرا؛ هەردوولا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەم ڕێککەوتنە و پێویستی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی دەربڕی، بەو پێیەی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باسی لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا و ڕەوتی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولای کرا. لەو بارەیەشەوە فوئاد حسێن جەختی لە مەترسی هەڵگیرسانی هەر جەنگێکی ئەگەری و لێکەوتەکانی لەسەر تەواوی ناوچەکە کردەوە و ئاماژەی بە پاڵپشتی عێراق بۆ ڕێگەی ئاشتییانە کرد؛ هەروەها پشتیوانی بەهێزی خۆی بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکان دەربڕی کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ بە نێوەندگیری عومان لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەبچێت.

هەروەها هەردوولا بە وردی باسیان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و ئەو ئاڵنگارییانە کرد کە پەیوەستن بە کاندیدکردنی سەرۆکایەتییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کۆمار. نێردەی ئەمریکا تێڕوانینی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە خستەڕوو، لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەتی عێراق پرسێکی ناوخۆییە، بە ڕەچاوکردنی ڕای هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک وڵاتێکی هاوپەیمان، و بەجۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ پێویستی هەر حکومەتێکی نوێی عێراق بۆ کارلێکی ئەرێنییانە لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی تردا.

جەختیشی لە پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە تا ئەو کاتەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق تەواو دەبێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 2,117 📊 Click Here