قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستای هەرێم ناتوانێت بەپێی پێویست خزمەتی هاووڵاتییان بکات و کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکات.
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆکرا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە دۆخی ناوچەکە و هەروەها دۆخی سیاسی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند، پێویستە لایەنە عێراقییەکان لە گفتوگۆکانیان بە رەچاوکردنی دۆخی ناوچەکە و هەروەها داواکارییەکانی هاووڵاتییانی عێراق هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک بدەن کە بتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت و هاوکات هەنگاوی جدی بنێت بەرەو گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان. قوباد تاڵەبانی کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا روون کردەوە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی بە پێویستییەکی بنەڕەتی دانا بۆ پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم.
راشیگەیاند، ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە و لە ئاستی قۆناغەکەدا نییە و ناتوانێت وەک پێویست متمانەی گەلی کوردستان و دۆستانمان لە ناوچەکە و جیهان بەدەست بهێنێت و لە هەمان کاتدا هەنگاوی پێویست بنێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لە هەرێم.
