ڕاپۆرتێکی نوێ زەنگی مەترسی لێ دەدات
ڕاپۆرتێک بە ناوی “پێشبینییەکانی میراتی جیهانی ٤”، کە لە کۆنفرانسی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) لە ئەبوزەبی بڵاوکرایەوە، ئاشکرایدەکات کە ٤٣٪ی شوێنە سروشتییەکانی میراتی جیهانی ئێستا ڕووبەڕووی هەڕەشەی “بەرز” یان “زۆر بەرز”ی گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتەوە، لە کاتێکدا پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەم ئاماژە خراپە تەنها ٣٣٪ بوو.
ڕاپۆرتەکە نوێترین وێنەی گشتگیر بۆ بارودۆخی ٢٧١ شوێن لە سەرانسەری جیهان دەخاتە ڕوو، لە دارستانە گەرمەسێرەکانەوە تا ناوجە مەرجانییەکان، و کەمبوونەوەیەکی کەڵەکەبووی ئاسۆیی پاراستنی ئەم شوێنانە لە ماوەی دە ساڵدا تۆمار دەکات و تەنها ٥٧٪ی شوێنەکان ئێستا بە داهاتوویەکی ئەرێنی پۆلێن دەکرێن، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٢٪ بوون.
ئەو شوێنانەی کە زۆرترین دەوڵەمەندییان بە فرەچەشنی زیندەیی هەیە، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە تووشی تێکەڵەیەکی کوشندە لە گەرما و وشکەساڵی و نەخۆشی و فشارە مرۆییەکان بوونەتەوە، کە توانای سیستمە ژینگەییەکان بۆ خۆڕاگری لاواز دەکات.
د. گریتیل ئەگیلەر، بەڕێوەبەری گشتی یەکێتییەکە دەڵێت: “پاراستنی میراتی جیهانی تەنها مانای پاراستنی شوێنە تایبەتەکان نییە، بەڵکو مانای پاراستنی بنەماکانی ژیان و کلتور و ناسنامەی خەڵکە لە هەموو شوێنێک”.
گۆڕانی کەشوهەوا.. هەڕەشەی یەکەم
ڕاپۆرتەکە، گۆڕانی کەشوهەوا وەک بڵاوترین هەڕەشە بۆ سەر میراتی سروشتی دەستنیشان دەکات: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، گۆڕانی شێوازەکانی بارانبارین، و زیادبوونی توندی زریانیش سیستمە هەستیارەکان لە بیابانەکانی تاسمانیاوە تا سۆندەربانس، پاڵ بە سنووری توانای خۆڕاگرییانەوە دەنێن.
لە بەرامبەردا، جۆرە داگیرکەرەکان دووەم بڵاوترین هەڕەشەن، و کاریگەرییان لەسەر ٣٠٪ی شوێنەکان هەیە، بەڵام ڕاپۆرتەکە زیادبوونێکی نیگەرانکار لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی گیانلەبەرانی کێوی و ڕووەکیش تۆمار دەکات: ٩٪ی شوێنەکان ئێستا لەژێر هەڕەشەدان، بە بەراورد لەگەڵ تەنها ٢٪ لە ساڵی ٢٠٢٠.
کەم و کوڕی لە بەڕێوەبردن و دارایی، لاوازیی خۆڕاگری زیاد دەکات
لە ئاستی حوکمڕانیدا، نیوەی شوێنەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەدەبرێن، لە کاتێکدا ١٥٪ی شوێنەکان بەهۆی کەمی یان نەبوونی بودجەوە ڕووبەڕووی مەترسیی تێکچوونێکی زۆر دەبنەوە.
تیم بادمان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی میراتی جیهانی لە یەکێتییەکەدا، هۆشداری دەدات کە “دڵنیابوون لە خۆڕاگری میراتی سروشتی پێویستی بە پابەندبوونێکی درێژخایەن هەیە لە هەموو ئاستەکاندا، لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکانەوە تا هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، کە بە بودجەی پێویست پشتگیری بکرێن.”
نموونەی سەرکەوتوو کاریگەری چارەسەرەکان دەسەلمێنن
سەرەڕای وێنە تاریکەکە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ١٣ شوێن دەکات کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٥دا، پێشبینییەکانی پاراستنیان باشتر کردووە، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کە بودجەی ئاراستەکراو و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی ئەنجامی بەرچاو بەدەست دەهێنن.
ڕاپۆرتەکە داوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەوڵەکانی پاراستندا دەکات، لەگەڵ بەهێزکردنی داننان بە سەرکردایەتی گەلانی ڕەسەن و زانیارییە نەریتییەکان.
ڕاپۆرتەکە نەخشەڕێگایەکی پراکتیکی پێشکەش دەکات، لەوانە:
کەمکردنەوەی خێرای دەرچوونی گازەکان وەک یەکەم هێڵی بەرگری.
بەهێزکردنی بودجەی چەند ساڵە بۆ بەڕێوەبردنی شوێنەکان.
کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەشتوگوزار لە ڕێگەی دیاریکردنی ژمارەی سەردانیکاران و ژێرخانە سەوزەکانەوە.
بەرەنگاربوونەوەی جۆرە داگیرکەرەکان و پەتاکان بە ئامێرەکانی چاودێری پێشوەختە.
بەهێزکردنی کۆمەڵگا ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی ببنە هاوبەشێکی بڕیاردەر نەک تەنها وەرگرێک بۆ سیاسەتەکان.
یەکێتییەکە بیرمان دەخاتەوە، میراتی سروشتی تەنها “لیستی شوێنەکان” نییە؛ بەڵکو ژێرخانێکی سەلامەتی ژینگەیی و کلتورییە بۆ هەسارەکەو ڕزگارکردنی لە داننان بەوەوە دەستپێدەکات، کە گۆڕانی کەشوهەوا چیتر هەڕەشەیەکی پێشبینیکراو نییە، بەڵکو ڕاستییەکی حازرە کە داهاتووی ئەو گەنجینانە لەناو دەبات.
