هەینی. ئازار 6th, 2026

كۆمەڵ: دواخستنی مووچە ستەمە لە مووچەخۆران

سەیرکراوە: (975)

كۆمەڵی دادگەری كوردستان بڕیاریدا بانگەشەی هەڵبژاردن بخاتە هەفتەی داهاتوو، دەشڵێت: دواخستنی ناردنی 120 ملیار بۆ عێراق دەبێتە هۆی دواكەوتنی مووچە و ئەوەش ستەمە لە مووچەخۆران و بۆتەهۆی خراپی دۆخی بازاڕ و ژیانی خەڵك.

سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە، كە بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر ئەنجام دراوە و دەڵێت: دژی بەكارهێنانی سەروەرت و سامانی گشتییە بۆ بانگەشە ‏لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە، پێی وایە ئەمە دوو جار ستەمە لە خەڵكی كوردستان.

ئاشكراشی كردووە، بڕیاریدا بە دروشمی (لەگەڵتاندا ڕاستگۆین) لە هەفتەی ‏ئایندەوە هەڵمەتی بانگەشەی خۆی بە فەرمی دەست پێ بكات.

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان راگەیەنراوی كۆبوونەوەی نائاسایی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان

جەماوەری كوردستان، ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان: ئەمڕۆ شەممە، ٤ / ١٠ / ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر، سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە سەرپەرشتیی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، كۆبوونەوەی ‏نائاسایی بەڕێوە برد. لە كۆبوونەوەكەدا سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ‏هەڵوەستەی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كرد:‏

‏١- سەركردایەتیی كۆمەڵ بە نیگەرانییەوە لە دۆخی ئابووری و دارایی ‏خەڵکی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، بەتایبەت دواخستنی ناردنی (١٢٠ ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ كە بووەتە هۆی دواكەوتنی مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی دواتری مووچەخۆران کە بێجگە لەوەی ستەمە لە مووچەخۆران بووەتە هۆی خراپیی دۆخی بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵکیش بەشێوەیەکی گشتی.

‏٢- سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی هیوای خواست هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ‏عێراق لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت و هەموو لایەنەكان پابەندی یاسا و ڕێنماییەكانی ‏كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بن و هەڵمەتێكی ئارام بەڕێوە بەرن.‏

‏٣- كۆمەڵی داگەریی كوردستان دژی بەكارهێنانی سەروەرت و سامانی گشتییە بۆ بانگەشە ‏لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە، پێی وایە ئەمە دوو جار ستەمە لە خەڵكی كوردستان، ‏جارێك خراپ سوودوەرگرتن و جارێكیش بەكارهێنانی ماڵ و دارایی گشتیی بۆ ‏چەواشەكردنی دەنگدەران.

‏٤- كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریدا بە دروشمی (لەگەڵتاندا ڕاستگۆین) لە هەفتەی ‏ئایندەوە هەڵمەتی بانگەشەی خۆی بە فەرمی دەست پێ بكات، بۆیە داوا لە ئەندام و ‏لایەنگرانمان دەكەین بە گیانێكی مسوڵمانانە و نیشتمانییانە هەڵمەتی ‏بانگەشەی لیستی (285)ی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەڕێوە بەرن.‏

‏٥- سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكات ‏هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەرفەت بزانن بۆ سزادانی ئەوانەی ‏نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانیان بۆ بەرژەوندیی حزبی خۆیان بەكار هێناوەو لە ساڵانی ‏ڕابردوودا نەیانتوانیوە مووچە و مافە دارایی و ئابووری و نیشتمانییەكانی خەڵكی ‏كوردستان دەستبەر بكەن.‏

٦- كۆمەڵی دادگەریی كوردستان پشتگیری لە هەر ڕێككەوتنێك دەكات ببێتە هۆی لادانی ‏ستەم لەسەر گەلی فەڵەستین و دابنیكردنی مافە ڕەواكانیان.‏ ‏ سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ٤ / ١٠ / ٢٠٢٥ هەولێر

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 104 Today: 2,508 📊 Click Here