چوارشەممە. ئازار 4th, 2026
سەیرکراوە: (822)

لەتیف فاتیح فەرەج

بایەخدارترین هەنگاو بۆ لایەنگەلی كەركوك بە كورد و عەرەب و توركمان و كلدۆئاشورییەوە، ئەوەیە كە دڵی ئەو كەركوكییانە نەشكێنرێت، كە لە ناخەوە ئاواتەخوازی ئەوەن، شارەكە هەمیشە ئارام و بێ تەقە و رەقە بێت، لە رابردوودا كەركوكی زۆر دڵیان شكێنراوە، زۆر كەس و حزب ئازاری داون، لێ ئەوان بەو دۆخەشەوە كەركوكیان وەك گلێنەی چاویان خۆشویستوە و نەیانویستووە لێی دابڕێن، لە سەردەمی عەرەباندا، ماڵ هەبووە لە شۆڕیجە دەریانكردووە، هاتوەتە ئازادی، لەوێ راویان ناوە لە رەحیماوە خۆی شاردووەتەوە، لەم چیرۆكانە زۆر و زەوەندن، كە رەنگە رۆژێك بێت، فیلمسازێك كاریان لەسەر بكات، ئێمە لەم نووسینەدا باسی چیرۆكێكی جیاوازتر دەكەین، چیرۆكی دەنگدان و شەڕی ماف، چیرۆكی ئەوانەی هەموو رێگەیەك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی بەشداری لە شوناسەكەی خۆیاندا بكەن.

لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عیراقدا، من لە بەردەم ناوەندێكی دەنگدان بووم لە ئیسكان، لام وایە لە وتاری دیكەشدا ئەو چیرۆكەم باس كردبێت، بەڵام باسكردنەوەی بایەخی خۆی هەیە، لانیكەم بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك بۆ هیچ مەبەستێك دڵی گەرمی ئەو كەركوكییانە نەشكێنێت، چونكە تائێستاش ئەوان بەوپەڕی باوەڕەوە دەیانەوێت لەڕێگەی بەشداری و دەنگدانەوە، ناسنامەی كەركوك بپارێزن، بۆ ئەوان دەنگدان بابەتێكی ژیانییە «ئیدی ئەلزاس بێت یان لۆرەن»، كاتێك لەوێ لە تەك رۆژنامەوانەكاندا وەستا بووم، ئەندازیارێكی ناسراوی شارەكە و كەسێتییەكی دیار، بە ئەوكی پڕ گریانەوە سڵاوی لێكردم و پێی وتم، چوومەتە سێ ناوەندی دەنگدان، بۆ ئەوەی ناوی بوكەكەم بدۆزمەوە تا دەنگ بدات، بەڵام ناوی دیار نییە، ئەو وتی: هەر دەبێت دەنگ بدات، بیرم لە هەڵوێستی ئەو پیاوە خەمخۆر و خوێنەوارە دەكردەوە، ئێ ئەو هەم خەمخۆرە و هەم خوێنەوارە و هەم كتێب و نووسینی بایەخداریشی هەیە، لە دڵی خۆمدا وتم خۆزگە هەمووان بە شێوەی تۆ لە شوناسی شار و بوونیان بڕوانیایە.

هەر ئەو رۆژە و لەو شوێنە، چیرۆكی دیكەشم بە چاوی خۆم بینی، گێڕانەوەی ئەم چیرۆكە، بۆ ئەوەیە پەند وەربگرین و هەموو هەڵبژاردنێك وەك دەرفەتێك ببینین، ئێستا كە ناوبەناو كاندید و هاوكاری كاندید روودەكەنە ماڵان و لە دەرگای ئێمە و مانانیش دەدەن، گێڕانەوەی ئەم چیرۆكە و چیرۆكگەلی هاوشێوە، بۆ ئەوان پەند و ئامۆژگارییە، ئێ ناكرێت خەڵكانێك بەو هەموو گەرموگوڕییەوە بەرەو دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن بچن و خەڵكێكیش بەهەنگاوی لابەلاو ناجۆر پەشیمانیان بكاتەوە، ئەگەر من یەكێك لەو كاندیدانە بوومایە، پێش ئەوەی ریكلام بۆ خۆم بكەم، داوام لە خەڵك دەكرد بەشداری بكەن، من هەموو هەڵبژاردنێك وتوومە، داكێڵ «بایكۆت « هیچ سوودێكی نییە، بۆیە لەبری ئەوە دەنگدان بكە بابەتی وەرچەرخان و گۆڕانكاری دیدی سیاسیی و بەڕێوەبردن، بە تایبەت لە شارێكی وەك كەركوكدا، كە جۆرێك لە ئاریشە و ململانێی نەخوازراوی تیادا دروستكراوە و لەو دیو سنووری عیراق و هەرێمی كوردستانیشەوە دەستوەردان هەیە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 204 Today: 1,840 📊 Click Here