كەشناسێک ئاشكرای دەكات، كە شەپۆلێكی بەفربارین ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان دەگرێتەوە و بارانێكی زۆر لە عێراق دەبارێت و بە ئەگەری زۆر لە هەندێک ناوچەش لافاو دروست دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، بڵاوی كردەوە، كە “لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەمەوە 16ـی 12ـی 2025، لەئەنجامی کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا لەسەر ناوچەکانمان هەوایەکی وشک و سارد بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەتایبەت سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین و ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سۆران، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاکبوونی بای باکووری ڕۆژهەڵات بەخێرایی 15 تا 35کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا هاوکات هەر لە ئێوارەی سێشەمەوە شەپۆلێکی لاوازی بەفربارین ناوچەکانی باکووری خۆرئاوای ئێران دەگرێتەوە و بەلاوازی کاریگەریی لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان دەبێت و ئەگەری کڕێوە بەفر لە سنووری حاجی ئۆمەران و قەزای چۆمان و سیدەکان و پشدەر و پێنجوێن و بەگشتی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبێت تا ئێوارەی چوارشەمە 17ـی 12ـی 2025، بەردەوامی دەبێت.”
دەشڵێ: “کاریگەریی وشکەسەرما و باکە لەسەر ئەو ناوچانە تا ڕۆژی شەمە 20ـی 12ـی 2025، بەردەوامی دەبێت و بەدرێژایی ئەو ماوەیە کەشێکی سارد لەو ناوچانەدا هەستی پێدەکرێت و شەوان پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاوییەکان بۆ نزیک سفر پلە نزم دەبنەوە و لەناوچە شاخاوییە سنووری و بەرزەکانیش چەند پلەیەک دەچنە ژێر سفرەوە.”
ئەو شارەزایەی كەشناسی ڕاشیگەیاند: “لە سبەی دووشەمەوە 15ـی 12ـی 2025، شەپۆلێکی بەهێزی تەرزە و باران و بروسکە لە دەریای سوورەوە ناوچە جیاجیاکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سعوودییە و ناوچەکانی کەنداو و باشووری ئێران دەگرێتەوە و تا هەفتەی داهاتوو بەردەوامی دەبێت و پێشبینی دەکرێت لەشوێن و ناوچەی جیاجیادا لافاوی گەورە دروست ببێت و کارەساتی لێبکەوێتەوە.”
ئاراس جەبار، لە بارەی ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممەوەش، دەڵێ: “شەپۆلێکی دیکە بەجیا لە دەریای ناوەڕاستەوە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری عێراق دەگرێتەوە و بەهەمان شێوە چاوەڕوانی بارانێکی زۆری لێ دەکرێت لەگەڵ دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێندا، بەگشتی ئەم شەپۆلانە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان زۆر لاواز دەبێت و تەنها پێشبینی دەکرێت هەوری مامناوەند بۆ بەرز بگاتە ئاسمانی ناوچەکە و ڕەنگە لە هەندێک شوێندا نمە بارانێکی کەمی لێ ببارێ.”
لە كۆتاییدا، ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “بەگشتی تا کۆتاییەکانی ئەم مانگە پێشبینی هاتنی شەپۆلی گشتگیری بەفر و بارانبارین بۆ ناوچەکانمان ناکرێت و کەشوهەوا بە زۆری بە سەقامگیریی دەمێنێتەوە لەدوای ئەو وادەیەش پێشبینییەکان دروست نین، بەڵام ئەگەر هەیە لە کۆتاییەکانی مانگ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو شەپۆلێکی جەمسەری باکووری بگاتە سەر ناوچەکانمان و بەفر و بارانبارین دەست پێ بکاتەوە …والله اعلم.”
