بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانیکەم ١٦٠ جار هێرشی مووشەکی و درۆن کراوەتە سەر بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هۆیەوە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە.
ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە کە لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لانیکەم ١٦٠ جار بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە ئامانجی هێرشی مووشەک و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی سوپای پاسداران و میلیشیا عێراقییەکان سەر بە سوپای پاسداران لە هەرێمی کوردستان.
ڕوونیشیکردەوە کە بارەگا و کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو ماوەیەدا لانیکەم ٩٣ جار، بارەگا و کەمپەکانی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) و حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەریەکێکیان ٢١ جار، بارەگا و کەمپەکانه حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ١٨ جار، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ٥ جار و حیزبی کۆمەڵەی کومونیستی ئێران ٣ جار بوونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.
ڕێکخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاند، “لە ئەنجامی ئەم هێرشانە و بە پشت بەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانیکەم ٥ پێشمەرگە گیانیان بەخت کردووە و نزیکی ٣٠ پێشمەرگە بریندار کراون”.
