لە تەواوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، چەمچەماڵ، سنووری شارەزوور و ئیدارەی راپەرین بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما پشووی فەڕمییان راگەیاند بۆ ماوەی دوو رۆژ.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ڕاوێژکردن بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکان، بەهۆی دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی و، لە پێناوی پاراستنی سەلامەتیی و تەندروستیی گشتییدا؛ بڕیارماندا ڕۆژانی سبەینێ سێ شەممە و دوو سبەی چوار شەممە 20 و 21ی ئەم مانگە، لە هەموو خوێندنگا و ناوەندەکانی خوێندنی حکومیی و ناحکومی، دەوام ڕابگیرێت.
لای خۆشیەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، بە پشت بەستن بە راپۆرتی کەشناسی، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان و یەکە کارگێڕییەکان، بەهۆی دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، لە پێناوی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی گشتییدا، بڕیارماندا ڕۆژانی سێ شەممە و چوار شەممەی ئەم هەفتەیە، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی، دەوام ڕابگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور بڵاویكردەوە،، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، سبەینێ و دوو سبەی پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پارێزگاری هەولێر دەڵێن: هیچ هۆكارێك نییە بۆ پشوو، بۆیە ناكرێتە پشوو.
