ئەبوبەکر عەلی
وادەبینم کردنەوەی کونسوڵخانە نائاساییەکەی ئەمریکا لە هەولێر، بەرەنجامی خوێندنەوە بۆ ڕابردوو، وەسفی ئێستاو وێناکردنی ئایندەی هەرێم و کۆی مەسەلەی کوردو عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت.
کردنەوەی کونسوڵخانەکە لەکاتێکدایە، باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە بەغدا ناکارایە، لەروانگەی نوێنەرەکەی ترەمپەوە، عێراق لەبەردەم دوورێیانێکدایە، ئەویش یان بەدەستهێنانەوەی سەروەری و سەربەخۆیی بریارو قەتیسکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرەکانی خۆرهەڵاتی نوێدا، یاخود گەڕانەوە بۆ خاڵی سفرو جەنگی هەمووان دژبەهەمووان.
لەدیوێکی ترەوە، بۆ هەر چاودێرێکی سیاسی ئەوە ڕوونە، کە مەسەلەکە لەکونسوڵخانە گەورەترە، ئاماژەیە بەمەڵبەندێکی نوێی هەمە لایەنەی واشنتۆن بۆ ئیدارەدانی ستراتیژەکانی لەعێراق وناوچەکەدا بەگشتی.
لەرووی جیۆسیاسی و دووبارە داڕشتنەوەی هاوکێشەی هێزو بەرەبەندییەکانیشدا یەکلا کردنەوەی ناسنامەی سیاسی و سەربازی هەولێرە شوێنگەی ئایندەیەتی. ڕەنگە ئەوەش لەنزیک مەودادا بیکاتە سەرچاوەی هەڕەشەو لەدوور مەودادا گەر کورد خۆی هەبێت، هۆکارێکی بوونەوە بەهاوبەشێکی ژیاری و سەربازی وسیاسی ناوچەکە.
ئەم هەنگاوە گەشبینیی ومتمانەیەکی زۆرتر، بەهەرێم کوردی پارچەکانی تریش دەبەخشێت. قەناعەتێکی قووڵتریان لا دروست دەکات کەئەمریکا وەبەرهێنان بۆ ئایندە لەهەولێردا دەکات و مامەڵەیەکی کاتی وڕاگوزەری لەگەڵدا ناکات، کورد بەپێچەوانەی جارانەوە تەنها وەک کارت وئامرازی سات و سەوداو سازشی سیاسی سەیری ناکرێت، لەبەرئەوەی لەئاستێکیشدا بێت هێزو بکەری سیاسی وسەربازی وئابووریشە.
لەم جیهانەشدا بۆئەوەی حسابی هاوبەشت بۆ بکرێت و ڕێزت لێبگیرێت و گرەوت لەسەر بکریت، دەبێت هێزبیت، جگەلەوە خوێندنەوەشت بۆ ئاڕاستەی هێزەکان و هاوکێشەی هێز لەداهاتوودا وردبێت. بەحوکمی ئەوەی هەندێک جار هێزی گەورەش لەسۆنگەی هەڵە خوێندنەوەی واقیعی سیستمی نێو دەولەتی و گۆرانەکانی ناوی و جەمسەربەندیی وململانێ جیهانییەکان ودیاریکردنی پێگەو شوێنگەو ڕۆڵی خۆی لەونێوەندەدا، دووچاری داڕووخان و گلان دەبێت.
هێزی ڕاستەقینەش بەتایبەتیش بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، لەناوخۆوە سەرچاوە دەگرێت، هێزی یەکگرتوویی وسازانی نیشتیمانی ودڵخۆشبوونی گەل و پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان هاوڵاتیانی و حکومەت و بەکارهێنانی سەرچاوە نیشتیمانییەکانە بۆ چاکەی گشتی. هەروەها بوونی دامەزراوەی نیشتیمانی بەهێزی سەرو ناوچەیی و دەڤەرو حیزب وپێکهاتەو هێزێکی تۆکمەی نیشتیمانی و دڵ گەرمە بۆ ڕاپەراندنی ئەرکە نیشتیمانییەکان. نەبوونی هەریەک لەمانە لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەم گەورەکردنی هێزەکەمان ومەحکەمترکردنی هەنگاوەکانمان ورێزگرتنێکی زۆرتری هاوبەشەکان بۆمان.
بۆیە ئەگەر کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا گەشبینمان بکات، بەرۆژێکی مێژوویی بزانین، دەبێت لەبیرمان نەچێت مەزنترینی مەزنەکان بۆ ئێمە بوێری کۆتاییهێنانە بەو ناکۆکی و دابەشبوونە ناوخۆییەی لەشەستەکانەوە دەستی پێکردووەو تاکوئێستاش لەفۆرمی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە، کەبەشێکی گەورەی سەرچاوەو توخمەکانی هێزو گەورەبوون وهەڵسانەوەی لەناو ئێمەدا تیابردووە. کوردستان و گەلەکەی لەباشور دابەشکردووە، ڕێگرە لەوەی دەسەڵاتێکی ناوەندی و دامەزراوەی نیشتیمانی ڕاستەقینەو هەرێمێکی یەکگرتوو بەهێزو خاوەن ستراتیژێکی ڕوون وسازان لەسەرکراومان هەبێت.
هەربۆیە درێژەکێشانی ئەم دۆخە و نەگەیشتنە سازشێکی مێژوویی وکۆتایهێنان بەدۆخی فرەدەسەڵاتی و لەهەندێ ڕووشەوە نانەتەوەیی ئێستا، ناتوانین وەک پێویست سوود لەدەرفەتە مێژووییەکان وەربگرین. لەکاتێکدا مێژووی ناوچەکە لەبەردەم سەرەپێچێکی گرنگی خۆیدایە، کەلەیەککاتدا تەحەداو دەرفەتی گەورەی لەگەڵ خۆیدا سەبارەت بەنەتەوەکەمان و دۆزەکەی هەڵگرتووە.
