سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان مەترسی وشکبوونی گەورە لەسەر عێراق هەیە و دەڵێت”هەڕەشەی جدی لە ئاسایشی ئاو و کشتوکاڵی عێراق هەیە”.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان ڕۆژی یەکشەممە (12ی تشرینی یەکەمی 2025) ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە “دابەزینێکی ترسناک” لە پێدانی ئاوی ژێر زەویدا وەسفی کردووە، کە 40 ناوچەی لە سەرانسەری جوگرافیای عێراقدا تێپەڕاندوە، ئەم دیاردەیەش هەڕەشە لە ئاسایشی ئاو و کشتوکاڵی عێراق دەکات.
فورات ئەلتەمیمی بە (بەغداد الیوم)ـی ڕاگەیاندووە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا بە توندی دەستیان بە دەرکەوتن کردووە، وایکردوە دەیان ناوچە بگۆڕن بۆ بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی لە ڕێگەی بیرەکانەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە یان ئاودێریکردنی باخ و زەوییە کشتوکاڵیەکان. ئەم بیرانە هێڵی ژیان پێکدەهێنن لە ناوچە دوورەدەست و بیابانەکان، و تەنانەت ئەو بیرانەی کە دەوروبەری هەندێک شارن، بەشێوەیەکی مەترسیدار ڕوویان لە پاشەکشە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی 2025 بینیمان ئاو بەڕێژەیەکی ترسناک دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە زیاتر لە 40 ناوچەدا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی. هەندێک بیر بە تەواوی وشکیان کردووە یان پێویستیان بە قووڵی کونکردنی زیادە هەبوو لە نێوان 30 بۆ 50مەتری دیکە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.
ئەلتەمیمی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، دۆخەکە جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی کە ئاوی ژێر زەوی هێڵێکی ژیانی گرنگە بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی، بەتایبەتی دوای وشکبوونی زۆرێک لە کانیاوەکان کە هەزاران ساڵە ئاویان بۆ زەوی دابینکردووە. ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی ستراتیژییەکی هەمەلایەنە هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئاو، تەنانەت لە کەمترین ئاستدا”.
ئاوی ژێر زەوی لە عێراق یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاو بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باشوور، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەست دابەزینی بەرچاوی ئاستی ڕووبارەکان و کەمی بارانبارینەوە دەناڵێنن. لەگەڵ خراپتربوونی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی وشکەساڵی، هەزاران گوند و کێڵگە پەنایان بردۆتە بەر لێدانی بیری ئیرتیوازی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ئاوی سەرزەوی، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی بە ڕێژەیەکی زیاتر لە توانای سروشتی خۆیان.
شارەزایانی ئاو هۆشداری دەدەن، بەردەوامبوونی ئەم شێوازە بەبێ پلانی بەڕێوەبردن و چاودێری، دەتوانێت کارەساتی ژینگەیی و کشتوکاڵی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی پڕۆژەی جددی بۆ پڕکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی یان ڕێکخستنی بەکارهێنانی لە ناوچە گوندنشین و بیابانییەکان.