لە میانی ئاهەنگی 10مین ساڵیادی دامەزراندنی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: “لیژنە سەربازییەکەمان بەم نزیکانە سەردانی دیمەشق دەکات و پرسی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا تاوتوێ دەکەین”.
ناوبراو جەختیشی کردەوە: “لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بەردەوام دەبین لە شەڕی دژی داعش لە سەرانسەری سووریادا”.
پێشتر و لە دوای ڕێککەوتنی 10ـی ئازار، دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لیژنەی هاوبەشیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە پێکهێنابوو، کە گرنگترینیان “یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان” و “داننان بە مافەکانی کورد لە دەستووردا” بوو.
هەروەها پێشتر دانوستانەکان ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک ببوونەوە، لەوانە “ئیدارەی خۆسەر پێداگیریی لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەکرد، دیمەشق-یش پێداگریی لەسەر سیستەمی دەوڵەتی ناوەندیی دەکرد، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆسەر داوای لامەرکەزییەتی دەکرد”.
ئەم پێشهاتە نوێیە وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو چارەسەری سیاسی و یەکخستنی هێزەکان لە سووریا چاوی لێدەکرێت.
