سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداری کردنەوەی یەکەم ڕۆژی چالاکییەکانی تێدێکس لە شاری هەولێر دەکات و دەڵێت”بەهەوڵی گەنجان توانرا دەستکەوتی مەزن بۆ حکومەت و هاووڵاتیان بەرهەم بهێنرێن”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریم، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە تێدێکس نیشتمان ڕایگەیاند، لەماوەکانی ڕابردوو و بەدرێژایی چەندین ساڵ ڕووبەڕووی هەموو ئاڵانگارییەکان بووینەوە و قەیرانەکانمان تێپەڕاند و لە چەندین بواریشدا سەرکەوتوو بووین، ئەمەش پاڵپشتی گەورەی حکومەت و گەنجانی لەپشت بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکانی حکومەت بۆ دەستگیرۆیکردنی گەنجان و هاندانیان هۆکارێک بوون بۆ سەرکەوتنی گەنجان لەبەشێکی زۆری ئەو پرۆژانەی بەئەنجام گەیەندراون، بەتایبەت پرۆژە ستراتیژی و گرنگەکان کە بەستراوە بە ژیانی هاووڵاتیانەوە.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ساڵانێکی زۆر بەدەست گرفتی بێ ئاوی و کەم ئاوییەوە دەمانناڵاند، چەندین جار لەماوەی 12 ساڵدا داوامان لە لایەن و کۆمپانیا و دەستی دەرەکی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتە، هەرجارەو بە جۆریک و بیانوویەک چارەسەری ئەو گرفتەمان دوا دەخرا، دواجار بە دەستبردن بۆ بیری گەنجان و تواناکانیان، هاوکات بە ئامادەبوونی توانای گەنجانی ناوخۆیی توانیمان هەنگاوی گەورە بنێین، ئێمە داوامان لە دڵسۆزانی خۆماڵی و خەڵکی شاری هەولێر کرد بۆ بەهاناوەچوون و دروستکردنی پرۆژەیەکی گەورەی ئاو، بەمەش لەماوەی 12 مانگ نەک 12 ساڵ توانیمان ئاو لە زێی گەورەوە بۆ شاری هەولێر دابین بکەین. هیوادارین بتوانین لە زوترین کاتدا لەسەرجەم ناوچەکان ئەو پرۆژانە تەواوبن و ببنە هۆی نەهێشتنی قەیرانی کەم ئاوی.
ڕاشیگەیاند، لەبواری ڕێگاوبان حکومەتی هەرێم هەنگاوی باشی ناوە، بە پلانێکی سەردەمی دەست بە پێداچوونەوە بەو ڕیگاوبانانەدا کرا کە پێشتر دروستکرابوون، کە هەندێکیان هیچ مەرجێکی سەلامەتی و ستانداردی نێودەوڵەتی نەبوو، بە پشتیوانی گەنجان هەڵمەتی دروستکردنی ڕێگاوبانەکان وەک ڕێگای خێرا دروستکراون، ناو شەقام و کۆڵانەکان قیرتاو کراون، ئەمەش دەستکەوتێکی تری حکومەتە کە بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان لەم پرۆژانە بەرهەم هێنراون.
مەسرور بارزانی جەختیشیکردەوە، هەنگاوی گەورەمان بۆ بەبانکیکردن وو دامەزراندنی سیستمێکی تۆکمەی دیجیتاڵی نا، ویستمان کەرتی بانکی بەشێوەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی بەڕێوەبەرین، بەهەموشێوەیەک هەوڵمانداوە ڕەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵ بەدەستبهێنین بۆ کردنەوە و بەرەوپێشچوونی زیاتری کەرتی بانکی لە کوردستان، بۆئەوەی هاووڵاتی نەک تەنها لەبواری مووچە، بەڵکو بتوانن قەرزی بچووک و گەورەش بۆ سەرجەم بوارەکان وەربگرن و زیاتر بەرەوپێش بچن، هەنگاوی باشمان ناوە و ئومیدەوارین بەپشتیوانی گەنجان زیاتر بەرەوپێش بچن، ئەمانە بەڵێن نین بدرێن، بەڵکو بیرۆکەی چەند ساڵێک لەمەوبەرن، ئەمەش بەرهەمی بڕوابەخۆبوونی گەنجان و ئێوەیە.
لەکۆتایدا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پرۆژەکانمان لەلایەن گەنجی خۆشەویستی ئەم وڵاتە بەرهەمهاتوون، لەسەر ئێمەبوو پشتیوانیان بین و ڕێگەخۆشکەریان بین، ئەوکارەمان کرد و ئەودەستکەوتەی ئەمڕۆ دەبینرێت بەرهەمی کاری ئەو گەنجانەیە.