سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پڕۆژەی (هەژماری من).
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت: لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (هەژماری من)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 ەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەژماری بانکییان لە کوردستان هەیە، لە کەمتر لە 5%ەوە بووە بە زیاتر لە 15%. هەروەها پڕۆژەکە بانکەکانی هانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاکەکەسی و زیادکردنی لق و تۆڕەکانی ئامێری ڕاکێشانی پارە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کڕیاران.
دەشڵێت: پارە دانان لە بانکە بەشداربووەکانیش، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، کە بەم هۆیەوە، قەرزی تاکەکەسی و بازرگانی دەدرێت.
ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە، ئەمەش هەلی کاری نوێی لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا ڕەخساندووە و ڕێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆشکردووە. دەستڕاگەیشتن بە متمانەی بانکی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان و تازە دەستپێکردووەکان، زۆر گرنگە.
جەختیشدەکاتەوە، (هەژماری من)، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە و ڕوونی و شەفافییەت لە دابینکردنی مووچەی حکومەتیشدا زیاتر بووە.
ئاشکراشی کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا کۆتاییی ساڵی 2028، خزمەتگوزاریی بانکی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە 50% بەرز دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی تەئکید دەکاتەوە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام کاری زۆر زیاتر لە پێشە. بەردەوام دەبین لە کارکردن تاکوو خەڵکی سوود لە خزمەتگوزاریی بانکیی پارێزراو و سەردەمییانە ببینن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
