پاکستان نەخشەڕێیەکی بۆ ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز پێشکەشی ئەمریکا و ئێران کردووە و لە ئەگەری ڕەزامەندی هەردوولادا، لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە ئێران و ئەمریکا نەخشەڕێیەکیان بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەدەستگەیشتووە و پێدەچێت ئەمڕۆ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ببێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز.
ئەوەشی خستەڕوو کە پاکستان نەخشەڕییەکەی ئامادەکردووە و دوێنێ شەو ڕادەستی ئێران و ئەمریکای کردووە کە لە دوو قۆناغ پێکهاتووە، یەکەمیان بە ئاگربەست دەستپێدەکات و دوای ئەویش ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەکرێت.
ئاماژەشیداوە بەوەی دەبێت ئەمڕۆ دەست بەجێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن دایناوە بۆ ئێران.
