ئەندامێكی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كارەبایان لەسەر هاووڵاتیان بەجۆرێك گران كردووە، كە نەتوانن بۆ گەرمكردنەوە بەكاریبهێنن، بەرمیلێك نەوتی ماڵانیش لە سەروو (١٥٠ هەزار) دینارە، هیچ بەرنامەیەكیش بۆ دابەشكردنی نەوت نییە.
ڕزگار، كە كاری فرۆشتنی نەوتە بە ماڵان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە وەرزی هاویندا نرخی بەرمیلێك نەوت لە 120 بۆ 130 هەزار دینار بوو، بەڵام چەند ڕۆژێكە بەهۆی فێنك بوونی كەشوهەوا و نزیك بوونەوە لە وەرزی سەرما نرخی نەوتی سپی گران بووە.
ڕاشیگەیاند، ئێستا بەپێی جۆرەكەی نرخی نەوتی سپی جیاوازە، كە نەوتی ناوخۆ و بێجی و بەغدا هەیە و نرخی بەرمیلێك لە 145 بۆ 155 هەزار دینارە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، کارەبایان لەسەر هاووڵاتیان بەجۆرێک گران کرد نەتوانن بۆ گەرمکردنەوە بەکاریبهێنن، بەرمیلێک نەوتی ماڵانیش لە سەروو (١٥٠ هەزار) دینارە، هیچ بەرنامەیەکیش بۆ دابەشکردنی نەوت نییە!
وتیشی، “چەندین ناوچە و شاری کوێستانی وەک (پێنجوێن) ئەگەر ئەم مانگە بە نرخی حکومی و گونجاو نەوتیان پێ نەگات، ئەوە بۆ مانگی داهاتوو سەرما ناچاریان دەکات بە نرخی بازاڕ نەوت بکڕن، بازاڕیش بەهۆی قۆرخکاریییەوە بەم هاوینە نەوتی گەیاندۆتە سەروو (١٥٠ هەزار) دینار”.
ئاماژەی بەوەشدا، “دەسەڵات هیچ وابەستەییەکی بە ژیانی خەڵکەوە نەماوە، تەنها بە ناوی جیاجیاوە پارە لە خەڵک کۆدەکاتەوە، بۆ ژیانیش خەڵک و مووچە و خزمەتگوزاریش دەڵێت: پارەمان نییە”.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما نرخی نەوتی سپی ماڵان بەرزدەبێتەوە و ئەمساڵیش، كە كارەبا بۆتە 24 كاتژمێری و نرخەكەشی بە بەراورد بە ڕابردوو گران كراوە وای لە هاووڵاتیان كردووە بەكارهێنانی كارەبا كەم بكەنەوە و نەتوانن بۆ گەرم كردنەوە بەكاری بهێنن، بەو پێیەی هیتەر و بۆیلەو سپلیت پارەیەكی زۆر لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت.
پێشتر هاووڵاتیان بڕێك پارەیان بە كارەبای مۆلیدە دەدا و لەو چەند كاتژمێرە كەمەی كارەبای نیشتمانی نرخی كیلۆواتی كارەبای نیشتمانی 18 بۆ 24 و بە پلەبەندی دەبوو، بەڵام دوای پێدانی كارەبای 24 كاتژمێری لە “پڕۆژەی ڕووناكی” نرخەكان زیادكراون بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بەجۆرێك لە 72 دینارەوە تا 450 كیلۆوات دەستپێدەكات و هەتا بەكارهێنان زیاتربێت نرخەكە زیاتر دەبێت.
