شەممە. ئازار 14th, 2026

نوێنەرە تایبەتەکەی ترەمپ بە ڕێککەوتنەکەی عێراق و تورکیا خۆشحاڵە

سەیرکراوە: (1.2K)

نوێنەرە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا بە گرنگ بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان عێراقی وەسف دەکات.

مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕێککەوتنی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا نیشان دا و پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ عێراق دووپات کردەوە.

ساڤایا لەبارەی ڕێککەوتنی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا لەبارەی پرسی ئاو، ڕاگەیاندراوێکی بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کردەوە.

مارک ساڤایا ڕایگەیاند، “پیرۆزە لە هەردوو گهلى کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا. دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکەم و ئەو ڕێککەوتنە بەرز دەنرخێنم کە لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیادا واژوو کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵاتدا”.

نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری عێراق وێڕای بە گرنگ زانینی ئەم ڕێککەوتنە بۆ بژێوی دانیشتووانی عێراق، ڕایگەیاندووە: “ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنێکی بەردەوام بە سەرچاوە ئاوییە گرنگەکان کە گرنگن بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان عێراقی ئهوانهى بەهۆی وشکەساڵی و کەميی ئاوەوە زیانیان بەرکەوتووە”.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق مارک ساڤایا پابەندی و پشتگیری وڵاتەکەی بۆ عێراق لە لەپێناو سەقامگیريی زیاتر و خۆشگوزەرانی و ژینگەیەکی بەردەوامدا دووپات کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە ڕێککەوتنی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا ڕۆژی یەکشەممە لەمیانی سەردانێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان بۆ بەغدا، لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی فواد حوسێن و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی واژوو کرا.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 81 Today: 227 📊 Click Here