شەممە. ئازار 14th, 2026

هۆکاری وشکەساڵی ئێستا ئاشکرا کرا

سەیرکراوە: (1.5K)

شارەزایەکی کەشناسی هۆکاری وشکەساڵی ئێستا و دەنگۆی هەوردزین بۆ خەڵك ئاشکرا دەکات و دەڵێت”ئەو جۆرە هەواڵانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە”.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە خەڵك-ی راگەیاند، ئەو دەنگۆ بەرفراوانانەی چەند ساڵێکە لەبارەی “هەور دزین” و “گۆڕینی ئاراستەی شەپۆلەکانی باران” لە میدیا و سۆشیال میدیا بڵاودەکرێنەوە، هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو جۆرە هەورانەی لەم دواییانەدا لە چینە بەرزەکاندا هەبوون هیچ بڕە بارانێکیان پێوە نەبووە، هاوکات بەهۆی بوونی شێی گونجاو لەگەڵ هەوای سارد هێڵی فڕۆکەکان دروست دەبن (بە تایبەت هەورەکانی جۆری سیرهۆک/Cirrus).

شاڵاو هیدایەت ڕاشیگەیاند، “هەور دزین و گۆڕینی ئاراستەی شەپۆلەکانی دابارین درۆیەکی بێ بنەمایە. تەنانەت وڵاتانی زۆر پێشکەوتووی وەک ئەمریکا و یابانیش ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر شەپۆلی باران و زریانی زۆر تێکبدەن یان ئاراستەیان بگۆڕن. ئەگەر ئەو توانایە هەبوایە، ئەمریکا بۆ پاراستنی ویلایەتەکانی لە زیانە گەورەکانی زریان و لافاو بەکاری دەهێنا.”

هاوکات جەختیشیکردەوە، کە تاکە دەستکاریکردنی ڕێژەی بارانبارین بریتییە لە “بارانی دەستکرد”، کە ئەویش تێچووی زۆرە و تەنها بۆ ڕووبەرێکی زۆر کەم ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە ڕژاندنی مادەی یۆدی زیو (Silver Iodide) و بەفری وشک (Dry Ice) لە ڕێگەی فڕۆکەوە بەسەر هەورەکاندا دەبێت.

ئەو شارەزایە روونیشیکردەوە، دروستکردنی باران هەمووی دەستکرد نییە، بەڵکو پێویستە هەورەکان خۆیان تایبەتمەندی باراناوییان هەبێت و لە قۆناغی چڕنەبوونەوەدا بن، نەک وەک ئەو هەورە بێ باران و نەزۆکانەی لەم دواییانەدا دروست دەبن.

شارەزایان، هۆکاری سەرەکیی وشکەساڵیی ئێستای ناوچەکە بۆ گۆڕانکارییە سروشتییە گەورەکانی جیهان گەڕاندەوە، بە تایبەت پەیوەندی بە دیاردەکانی: لانینا (La Niña) لە خۆرهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن.

نێگەتیڤبوونی (IOD)ی خۆرئاوای زەریای هیندی و ساردبوونی لاوازی باشووری زەریای ئەتڵەس. لە لایەکی ترەوە، گەرمبوونی پلەی گەرمی سەر ڕووی ئاوی باکووری زەریای ئەتڵەس و جەمسەری باکور بووەتە هۆی ئەوەی کە پۆزەتیڤبوونی (AO) و (NAO) لە بەرژەوەندی ناوچەکانی تر و ئەوروپا بێت، نەک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەکرد، کە پێدەچێت دیاردەکانی (AO) و (NAO) لەم مانگەوە و لە نیوەی دووەم و مانگەکانی داهاتوودا بکەونە قۆناغی گۆڕانکاری، کە ئەگەری گەڕانەوەی باران و باشتربوونی دۆخی کەشوهەوا زیاتر دەکات بۆ ناوچەکە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 29 Today: 51 📊 Click Here