لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی ئایینیدا هێرشی چەکداریی کرایە سەر کەنیسەیەک و ١٢ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
پۆلیسی ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا بڵاویکردەوە لە یەکێک لە کەنیسەکانی شاری گراند بلانک، لە میانی ڕێوڕەسمی یەکشەممەدا هێرشێکی چەکداریی ڕوویداوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسدا ئاماژە بەوە کراوە ئەنجامدەری هێرشەکە کەسێکی تەمەن نزیکەی ٤٠ ساڵە و، بە ئۆتۆمبێلەکەی هاتووەتە دەرگای کەنیسەکە و، دەستڕێژی گوللەی لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کردووە.
پۆلیس ڕایگەیاند کە بەپێی ئامارە بەراییەکان چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون، دوای ڕووداوەکەش ئاگر لە کەنیسەکە کەوتووەتەوە، لەبەرئەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان هەیە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسدا باس لەوە کراوە کە ئەنجامدەری هێرشەکە لەلایەن دوو ئەفسەری پۆلیسەوە کوژراوە.
دوا بە دوای ڕووداوەکە ژمارەیەکی زۆر تیم ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و، پۆلیس گومانی هەیە لەوەی ئاگرەکە بە ئەنقەست لەلایەن ئەنجامدەری هێرشەکەوە کرابێتەوە.
ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەکەی ئاشکرا کراوە کە تۆماس جەیکۆب سانفۆردی تەمەن ٤٠ ساڵە، خەڵکی شاری بێرتن و سەربازی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکی بووە.
هاوکات ئێف بی ئای ڕووداوەکەی بە “توندوتیژی ئامانجدار” ناوزەند کرد و، لە ئێستادا هۆکاری ڕووداوەکە ڕوون نەبووەتەوە.
لای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕووداوەکەی بە هێرشێکی ئامانجدار بۆ سەر مەسیحییەکان لەقەڵەمدا.