وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دروست کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان پێشوازی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا و ڕۆڵی کۆمپانیاکانی فەڕەنسا و گرنگیی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆری هەرێمی کورستان کرا.
وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لە شەهیدبوون و قوربانییەکانی هێرشە تیرۆرستیەکان کرد بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان کرد.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هێرشانە کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا بە توندی ئیدانەی ھێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی پیشەسازیی نەوت و ژێرخانی هەرێمی کوردستان کرد.
ڕاشیگەیاند، هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و ئەم پەیوەندییانەی نێوان دامەزراوەی نەوت و کارەبای فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێم هەیە، “زۆر گرنگە”.
