پێنجشەممە. ئازار 5th, 2026

هەردوو بانکی ڕەشید و رافیدەین دابەشکردنی مووچەیان ڕاگرت

سەیرکراوە: (1.3K)

بەهۆی کێشەی نەختینەوە، هەردوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی خانەنشینانی عێراقیان ڕاگرت و چاوەڕوانن لایەنی پەیوەندیدار کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.

شەفەق نیوز، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرایکرد، کە هەردوو بانکی حکومی ڕافیدەین و ڕەشید، تا ئێستا مووچەی خانەنشینانیان بەهۆی نەبوونی نەختینەی داراییەوە دابەش نەکردووە، لەکاتێکدا بڕیار وابوو دوێنێ دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، کە قەیرانی دارایی ئێستا بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچەکان و ئاماژەی بەوەش کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان چاوەڕێی دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی و پارەی پێویستن بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی خەرجکردنەکە بکەن.

بە شێوەیەکی ئاسایی، مووچەی خانەنشینان لە عێراق لە چەند ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێکدا (لە نێوان یەکەم تا ڕۆژی پێنجەم) دابەش دەکرێت، هەندێک جار ئەگەر سەرەتای مانگ بکەوێتە پشووی فەرمییەوە، پێش دەخرێت.

پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بانکی ڕەشید دوێنێ دەستی بە دابەشکردنی مووچە کردووە و پاش ماوەیەکی کورت ڕایگرتووە، چونکە کورتەنامە (SMS) بۆ ژمارەیەک لە خانەنشینان چووە کە مووچەکانیان خراوەتە سەر کارتە ئەلیکترۆنییەکانیان.

بەڵام خانەنشینان کاتێک چوونەتە بەردەم ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)، تووشی شۆک بوون بەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە کارتەکانیاندا نەبووە. دواتر دەرکەوتووە کە هەندێک لە کارتەکان ماوەیان بەسەرچووە یان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون تا ئەو کاتەی پارە دابین دەکرێت و پرۆسەی دارایی ڕێکدەخرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی ڕابردوو و مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەش نەکراوە، وێڕای ئەوەی لیستی مووچەی مامگی یەک لە بەغداد وەردبینی تەواو بووە، بەڵام هێشتا 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد نەنێردراوە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 62 Today: 170 📊 Click Here