وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
دوێنێش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وەزیری دارایی و ئابووریمان ڕاسپارد کە بە زووترین کات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی بۆ مانگی تەمووزی ساڵی 2025 بخەنە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێکكەوتنێکی هاوبەشیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەییمان نیشان دا بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە شەش کەسییەی، کە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتیەکان لە بەغدا پێکهێنراوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد بۆ پەسەندکردنی ڕێكکەوتننامەی سێقۆڵیی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
