هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند لە ئاکامی هێرشی چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشقدا، شەڕڤانێکیان گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، شەڕڤانێکیان گیانی لە دەستدا کە بە هۆی هێرشی گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر دێرحافیر برینداربوو.
ڕوونیشیکردەوە کە شەوی سێشەممە، چەکدارەکانی دیمەشق بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر پێگەیەکیان لە دێرحافیر و دواتریش چەند کاتژمێرێک بە هەڕەمەکی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاوولاتییانیان تۆپباران کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پاش نیوەڕۆی سێشەممەش، چەکدارانی سەر بە دیمەشق گوندی زوبەیدەیان تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا چوار منداڵ بە سەختی بریندار بوون.
ئاشکراشیکرد کە ئێوارەی شەممەی ڕابردوو، چەکدارانی دیمەشق کۆمەڵکوژییەکی ترسناکیان لە دێرحافیر ئەنجامدا و بەهۆیەوە هەشت هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا کە سیانیان منداڵ بوون
هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاشیگەیاند، ئامانجی ئەم هێرشە دڕندانە و بەردەوامانەی چەکدارانی سەر بە دیمەشق دروستکردنی ئاژاوە و بڵاوکردنەوەی ترس و ناچارکردنی خەڵکە بەوەی ئاوارەبن و ڕاستیی ئەو گروپانەی سەر بە حکومەتیش ئاشکرا دەکەن کە دڕندانەترین تاوان دژی هاوڵاتیانی بێدەسەڵات ئەنجام دەدەن وهیچ بەهایەک بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق دانانێن.
