بەغدا و هەولێر و كۆمپانیاكان لە هەولێر ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتیان واژۆ کر و بڕیارە سبەینێ سودانی بڕیار لە مووچە بدات.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە 22ی ئەیلول، لە هەولێر، هەرسێ لایەنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت “ئەپیكۆر” كۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری (خەڵك) لە هەولێر، عێراق و هەرێم و كۆمپانیاكانى نەوت ڕێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمیان واژۆ كردووە و بڕیارە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت و بخرێتە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق.
هەر بەپێی زانیارییەكان، دەقی ڕێككەوتنەكە دەخرێتە بەرنامەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیارە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت و دواتر بڕیار لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت.
بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر دوێننێ ئەنجوومەنی دەوڵەت ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی نووسیوە و ڕەوانەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرددووە.
