هەینی. ئازار 6th, 2026

هەڵمەتی بنبڕکردنی پاڵاوگە نایاساییەکان؛ ژینگە و یاسا دەبنە پێوەر

سەیرکراوە: (1.4K)

بارزان فارس – هەولێر لە شاری هەولێر، دۆسیەی پاڵاوگە نایاساییەکان دەخرێتە سەر مێزی بڕیار، دوای ئەوەی ژمارەیان گەیشتبووە 138 پاڵاوگە، ئێستا بەشێکی زۆریان داخراون، مەرجە ژینگەییەکان و ڕێنماییە نوێیەکان بوونەتە هێڵی سوور و هیچ پاڵاوگەیەک بۆی نییە بەردەوام بێت ئەگەر خۆی لەگەڵ ستانداردەکان نەگونجێنێت.

بۆنی ناخۆش و دوکەڵی ڕەش، چیتر لە ئاسمانی هەولێر جێگەی نابێتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لیژنە هاوبەشەکانەوە، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانە دەستپێکردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی کاریان دەکرد. لە کۆی 138 پاڵاوگەی نایاسایی، زۆرینەیان تانپۆت کراون و کارەکانیان ڕاگیراوە.

ئەم هەنگاوە تەنها داخستن نییە، بەڵکو ناچارکردنی خاوەن کارەکانە بۆ پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی ژینگە.

خاڵی وەرچەرخان لەم پرسەدا، کارکردنە بە ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2024، کە تایبەتە بە پۆلێنکردنی پڕۆژەکان، بەپێی ئەم ڕێنماییە، هەر پڕۆژەیەک نەگونجێت لەگەڵ پێوەرە ژینگەییەکان، ڕێگەی پێنادرێت کار بکات. لیژنە ژینگەییەکان چاودێری ورد دەکەن، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردنی داخستنەکان لای وەزارەتی ناوخۆیە.

د. سەنعان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هۆشیاری و ڕاگەیاندنی ژینگەیی، بە “تۆری میدیایی خەڵک”ی راگەیاند: “ئێمە وەک لیژنە ژینگەییەکان تەنها پشکنین ناکەین، بەڵکو هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان دەکەین. هەر پاڵاوگەیەک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە و کەیسەکەی دەبرێتە دادگا، هەروەها لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە بڕیاری کۆتایی داخستنیان بۆ دەردەچێت تا ئەو کاتەی مەرجەو سزاکان تەنها بە داخستن ناوەستن، بەڵکو غەرامە داراییەکان و ڕێکارە یاساییەکان لە دادگاکان چاوەڕێی سەرپێچیکاران دەکات. ئامانجەکە ڕوونە: پاراستنی تەندروستی گشتی و پاک ڕاگرتنی ژینگەی پایتەخت، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە نوێیەکاندا.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 116 Today: 2,358 📊 Click Here