ڕێککەوتنی سێ قۆڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان وەزارەەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت واژۆکرا و بڕیارە سبەینێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی بكات.
ڕێبوار محەمەد، پسپۆڕی گرێبەستە نەوتییەكان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای چەند مانگێک لە گرژی و ناکۆکییەکان، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت چارەسەری یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی وزەی عێراق، دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
دەشڵێت: ڕێککەوتنەکە کە زیادکردنی کرێی کۆمپانیا بیانییەکان لەخۆدەگرێت و لەبری پارەی ڕاستەوخۆی دارایی پشکی نەوتیان پێدەبەخشێت، دەرگای پێشکەوتنێکی زۆر چاوەڕوانکراو دەکاتەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکانی دەوروبەری مەلەفی نەوت، بە کاتیی و وابەستەی پابەندبوونی سێ لایەنەکە دەمێنێتەوە.
لەوەتەی هەناردەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە لە مانگی ئازاری 2023 بەهۆی ناکۆکی یاسایی و تەکنیکی وەستاوە، عێراق و هەرێم هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەدەن بۆ دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی بەردەوامی هەناردەکردن.
بە وتەی ئەو پسپۆڕەی بواری گرێبەستە نەوتییەكان، “عێراق پابەندە بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی جێگیر لە چوارچێوەی ئۆپێک+، واتە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی باکوورەوە بە کەمبوونەوەی هاوشێوەی هەناردەکردن لە باشوورەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە”.
دوای دانوستانی درێژخایەن و سەردانی بەرامبەر، بەغدا و هەولێر لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی دەوروبەری هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. ئەم ڕێککەوتنە دوای دوو مانگ گفتوگۆی چڕوپڕ هاتە ئاراوە، لەو ماوەیەدا هەردوولا نزیکی خۆیان لە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە پشتڕاستکردەوە.
ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت دەشڵێت: سەرچاوەیەکی حکومی ئاگادار لە وردەکاری ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت ڕایدەگەیەنێت، “کۆمپانیا بیانییەکان پێداگربوون لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دادگا و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام بەغدا ڕەتیکردەوە و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە هەموو ناکۆکییەک بە پێی یاساکانی عێراق یەکلایی بکرێنەوە، لە کۆتاییدا کۆمپانیا بیانییەکان ڕێککەوتن، و بابەتەکە یەکلایی بووەوە.
ئاماژه ی بەوەشدا، “ئەمه لەبەرامبەر بەرزکردنەوەی کرێی کۆمپانیاکانی نەوت له 16 دۆلاره وه بۆ هەر بەرمیلێک بۆ 22 دۆلار بوو، بەرەبەرە له ماوەی چەند مانگی داهاتوودا. بەڵام حەقدەستەکان بەشێوەی پشکی نەوت کۆدەکرێتەوه ، نەک پارەی نه قدی که بەغدا دەیدات”.
وەك ڕێبوار محەمەد بڵاویكردۆتەوە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە “شاندێکی باڵا بەسەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت سەردانی تورکیا دەکات، بەیاوەری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، بە ئامانجی ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، هەروەها داڕشتنی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ، دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامە کۆنەکەی تورکیا، کە بڕیاربوو لە مانگی تەمموزی 2026 کۆتایی پێبێت”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، پێشبینی دەكرێت، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی جەیهانەوە بە توانای سەرەتایی نزیکەی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێبکات، پێش ئەوەی وردە وردە بەرزبێتەوە بۆ 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمەش لەگەڵ تەواوبوونی هەڵسەنگاندنی ئامادەیی تەکنیکی و لۆجستی و ڕێککەوتن لە نێوان لایەنی عێراقی و تورکیادا بەدی دێت، کە وردە وردە ئەم بۆرییە گرنگە دەگەڕێنێتەوە بۆ توانای کارپێکردن.
پێشی وایە، “هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە، هاوکات 230 هەزار بەرمیل ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کە ئەرکی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنیان دەبێت”.
