هەسەدە بە سێ فیرقەو چەند لیوایەك دەچێتە ناو سوپای سووریاوە كە لە حەسەكەو رقەو دەیرزور بڵاوبونەتەوە و فەرماندەو سەركردەی ئەو هێزانە لە دەستی هەسەدەدا دەمێنێتەو.
ماڵپەڕی تەلەفیزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، حکومەتی سووریا و شاندێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان ئەنجامداوە بۆ چۆنێتی تێکەڵاوبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سووپای سووریا، ئەمەش لەمیانی کۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردوو كە لە دیمەشق بەڕێوەچوو ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیەی بۆ ماڵپەڕەکە دواوە، لە دیدارەکەی دیمەشقدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریاو، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئامادەی بوون.
دواتر دیدارێکی دیکە لە نێوان شاندی هەسەدەو، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و حسێن سەلامە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی بەڕێوەچوو.
ئەو سەرچاوەیە روونی کردووەتەوە، لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بە نێوەندگیری ئەمەریکا بووەو رێككەوتون لەسەر ئەوەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لەڕێی تێکەڵکردنی سێ فیرقە و چەند لیوایەکی سەربازیی سوپای هەسەدەوە بێت بۆ ناو سوپا، کە لە حەسەکەو رەققە و دەیرزور بڵاوبونەتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)یش تێکەڵ بە هێزەکانی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەسەدە پۆستی فەرماندەی فیرقەو هێزە ئەمنیەكانی لەدەستدا دەمێنێتەوە لە ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سووریا، هاوشانی دامەزراندنی بەرپرس لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە سازان، بەمەرجێک لە دانیشتوی ناوچەکە بن.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، عەبدی و شەرع رێککەوتون لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ماوەیەكی كورتدا، و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان سووریاو ئەمریکا بووەتە هۆی رەزامەندی حکومەتی سووریا بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ڕوونیشیکردۆتەوە، سوپاو هێزە ئەمنییەکانی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا دەکەن، دوای تەواوبونی یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئەو سەرجاوەیە جەختیکردۆتەوە، کە بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستن، چیتر هێزێک نامێنێت بە ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) یان ئاسایش، ئەو هێزانە ناوی ئەو فیرقە سەربازیی و هێزە ئەمنییانە هەڵدەگرن کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە پەسەندکراون.