لە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر، چەکدارێکی سواتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە سنووری کەرکووک کوژرا و خێزانێکی دەستبەسەرکراویش ڕزگارکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، “وەزارەتی ناوخۆ بەوپەڕی خەم و پەژارەوە، هەواڵی شەهیدبوونی یەکێک لە کارمەندانی فەوجی “سوات” لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ڕادەگەیەنێت، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی نیشتمانیی پیرۆزدا بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری شارەدێی پردێ، گەیشتە کاروانی نەمران”.
سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە وەزارتی ناوخۆ ڕایگەیاند، “هێزێکی هاوبەش لە پێکهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بە بەشداری هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند تۆمەتبارێکی داواکراو لە دۆسیەکانی ماددەی هۆشبەردا چوونە شوێنی مەبەست. لە کاتی گەیشتنی هێزەکە، ڕووبەڕووی تەقەکردن بوونەوە و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ تۆمەتبارەکان ڕوویدا، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و باری تەندروستییان جێگیرە”.
ڕاشیگەیاند، “هێزە ئەمنییەکان توانییان خێزانێک کە لە ناو کێڵگەیەکدا دەستبەسەرکرابوون ئازاد بکەن و یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن، تۆمەتبارەکەی تریش لە کاتی پێکدادانەکەدا کوژرا، هەروەها دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەردا گیرا”.
وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە کە “سزایەکی دادپەروەرانە چاوەڕێی هەر کەسێک دەکات کە بیەوێت هێرش بکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان یان بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە بکات، و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بەوپەڕی توندییەوە بەردەوام دەبن تاوەکو کۆمەڵگە لەم دەردە مەترسیدارە پاک دەکرێتەوە، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق”.
