وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند لە دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستوەردان، توندوتیژی خۆپیشاندانەکان زیادیکردووە و تاران بۆ جەنگ و دیالۆگیش ئامادەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی “بۆ جەنگ و دیالۆگیش ئامادەیە”، ئەویش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ڕێکاری توند بەرامبەر بە تاران دەگرێتەبەر، ئەگەر هاتوو بەردەوام بێت لە کوشتنی خۆپیشاندەران.
عێراقچی وتیشی، خۆپیشاندانەکان کە لە 28ی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە سەریانهەڵداوە، لە سەرەتاوە ئارام و ڕەوا بوون، بەڵام ئێستا بەرەو توندوتیژی چووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی دەستوەردانی کرد، خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی و خوێنڕشتن چوون بۆ ئەوەی بیانووی دەستوەردان بدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە “زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە پشتەوە تەقەیان لێکراوە”، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان دەستیان لە کوشتنی خۆپیشاندەرەکاندا نەبووە.
