عێراق لە نێوان بەرداشی ئێران و ئیسرائیل؛ وەزیری دەرەوە هۆشداری لە “فەوزای ناوچەیی” دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەوتووەتە ناو بازنەی شەڕ و ململانێکانەوە. فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا، دوایین پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی تاوتوێ کرد.
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە عێراق بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی لایەنە شەڕکەرەکان، و ئێران بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی شاری هەولێر.
هاوکات ڕایگەیاند، لایەنی بەرامبەری ململانێکە (ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی) پێگەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق دەکەنە ئامانج. ئەوەشی راگەیاند، کە هەردوولا جەختیان لە مەترسی بەردەوامی بەئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو کردەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.
حکومەتی عێراق هۆشداری دەدات کە بەردەوامی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی لەدەست دەرچوو. وەزیری دەرەوە جەختی لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەقینەوەی زیاتری بارودۆخەکە.
