ئیلهام ئەحمەد: گەڕانەوەی ٤٠٠ خێزان بۆ عەفرین وەرچەرخانێکی گرنگە لە مێژووی ناوچەکەدا.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر، لە پەیامێکی تایبەتدا سەبارەت بە گەڕانەوەی کاروانێکی نوێی ئاوارەکان بۆ ناوچەی عەفرین، جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و ڕایگەیاند، کە گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان گەورەترین سەرکەوتنە بۆ ئیرادەی هاووڵاتیان.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمڕۆ گەڕانەوەی نزیکەی ٤٠٠ خێزانی ئاوارە بۆ عەفرین، دوای ساڵانێکی درێژ لە دەربەدەری و ئاوارەیی، ساتێکی زۆر کاریگەر و مێژووییە بۆ تەواوی خەڵکی ناوچەکە. ئەم خێزانانە کە بەهۆی بارودۆخی جەنگ و ئاوارەیی چەندین جار شوێنیان گۆڕیوە، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ باوەشی خاکەکەیان.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر باسی لە پەیوەندی قووڵی خەڵک و خاک کرد و وتی”پەیوەستبوونی خەڵکی عەفرین بە خاکەکەیانەوە، سەرەڕای هەموو هەلومەرجە سەختەکان، هەمیشە بە زیندوویی ماوەتەوە. خاک بۆ ئەوان تەنها شوێنی حەوانەوە نییە، بەڵکو بریتییە لە یادەوەری، ژیان و ڕەگی قووڵی مێژوویی.”
ئیلهام ئەحمەد هیوای خواست کە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ پڕۆسەیەکی فراوانتر کە ڕێگە بۆ هەموو ئاوارەکان بکاتەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەنگاوی جددی و نێودەوڵەتی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی خەڵک، و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایشی تەواو بۆ تەواوی ناوچەکانی عەفرین.
ئەم پەیامەی ئیلهام ئەحمەد لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەردەوامی هەیە و وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ ئایندەی ناوچەکە سەیر دەکرێت.
