یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی، قۆناغێکی مێژوویی بەڕێدەکات دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێنا، پاش بردنەوە گەورەکەی بە پێنج گۆڵی بێ وەڵام لە ئینتەر میلان، کە دواتر چەند نازناوێکی ناوخۆیی و ئەوروپی بەدەستهێنا و پێگەی خۆی لەنێو گەورەکانی کیشوەرەکەدا بەهێزتر کرد.
بەپێی ڕۆژنامەی لۆ پاریزیان، فرۆشی درێسی یانەکە لە چارەکی یەکەمی وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦دا گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە، بە ڕێژەی ٥٠٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لەوکاتەوەی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی لە یانەکە ڕۆیشتووە، هەروەها زیادبوونی فرۆشی ئۆنلاین گەیشتووەتە ٢١٧٪.
سان جێرمان بە سەرۆکایەتی ڕاهێنەر لویس ئێنریکێ بە شێوەیەکی جێگیر بەرەو وەرزی مێژوویی دەڕوات، دوای ئەوەی سێ نازناوی ناوخۆیی، نازناوی سوپەری ئەوروپی و میدالیای زیوی جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێناوە، و ئاواتەخوازە ساڵەکە بە نازناوی شەشەم لە جامی کیشوەرەکانی یانەکان لە دەوحە کۆتایی پێ بهێنێت.
لە ڕووی یاریگاوە، یانەکە دوای حەوت گەڕ بە ١٦ خاڵ لە پلەی یەکەمی خولی فەرەنسیدایە، بە جیاوازی یەک خاڵ لە پێش نزیکترین ڕکابەرییەوە. ئامادەکاری دەکات بۆ بەردەوامیدان بە ڕێگاکەی و سبەی هەینی لە گەڕی هەشتەمدا، لە یاریگای پارک دو پرانس، ڕووبەڕووی ستراسبۆرگ دەبێتەوە.
