سەرۆك كۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل پارێزراو نییە و و دەشڵێت:هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە یەکخستنی ریزەکانمان.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارێکیدا لە لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر بە “تیرۆرێکی ئاشکرا کە هەموو نەریتە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات” وەسف کرد و وتی: “ئامانج لەم دوژمنکارییە تێکدانی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە دەدرێن.”
پزیشكیان، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی “کردەوەی کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی وێرانکاری و برسیکردن” و وتیشی: “ئەم کردەوانە ئەمڕۆ دژی وڵاتی قەتەریش فراوان دەبنەوە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “قەوارەی زایۆنی ئەمساڵ بە بیانووی بەرگریکردن لە خۆی، هێرشی کردۆتە سەر زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی.”
پزیشکیان جەختی کردەوە کە ئیسرائیل “بەهۆی بوونی پشتیوانیی رۆژئاواوە، بەردەوامە لە هێرشەکانی و لە سزا دەربازی دەبێت.”
پزیشکیان داوای کرد: “پێویستمان بە یەکێتی و هاوپشتییە لە روبەروبوونەوەی ئیسرائیل، چونکە دڵنیابن هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە هێرشەکانی پارێزراو نییە و پێویستە ئوممەتی ئیسلامی لە رووبەرووبوونەوەی ئەم قەوارە زایۆنییە زۆردارە یەکبگرێت.”
