هەینی. ئازار 6th, 2026

پلانی ئاشتی ترەمپ ڕێگە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی خۆش دەکات

سەیرکراوە: (1.4K)

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی وردەکاری نوێی لەبارەی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئاشتی لە غەززە ئاشکرا کرد، ئاماژەی بەوەداوە کە پلانەکە بڕیار دەدات بە ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززەدا، و دەرگاش بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی.

پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی لە غەززە، کە لە 21 بڕگە پێکدێت، چەند خاڵێکی تێدایە، لەوانە: چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس، دامەزراندنی هێزێکی ئەمنیی نێودەوڵەتی، و “پلانی گەشەپێدانی ترەمپ” بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، بەڵام لەوانەیە ئیسرائیل هەندێک لە بڕگەکانی ڕەت بکاتەوە یان دەستکارییان بکات.

پلانی کارگێڕی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بە ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەستپێدەکات، هەروەها جێگیرکردنی دۆخی سەر زەوی، ئازادکردنی ئەو 20 بارمتەیەی لە غەززەدان لە ماوەی 48 کاتژمێردا، و گەڕاندنەوەی تەرمی زیاتر لە 20 کەس کە پێدەچێت گیانیان لەدەستدابێت.

بەپێی پلانەکە، کە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەستیکەوتووە و بەرپرسانی دوو وڵات کە لەلایەن کارگێڕی ئەمریکاوە ئاگادار کراونەتەوە، دووپاتیان کردووەتەوە، هەموو چەکەکانی حەماس لەناو دەبرێن، و مافی لێخۆشبوون دەدرێت بەوانەی پەیوەندی بە “پرۆسەی ئاشتی”یەوە دەکەن، هەروەها گەشتی ئەندامانی حەماس کە دەیانەوێت غەززە بەجێبهێڵن بۆ وڵاتانی تر ئاسان دەکرێت.

تا ئێستا، نە ئیسرائیل و نە حەماس ڕەزامەندییان لەسەر پلانەکە، کە لە 3 لاپەڕە پێکدێت، ڕانەگەیاندووە، ئەم پلانە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە لە کۆبوونەوە باڵاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ حکومەتە هەرێمی و هاوپەیمانەکاندا هاوبەش کراوە، بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە.

پێشبینی دەکرێت ترەمپ فشار بخاتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ قبوڵکردنی پلانەکە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەدا لە کۆشکی سپی.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند؛ کە سەرکردایەتی ئیسرائیل هێشتا پێویستی بە پێداچوونەوەی پلانەکە هەیە پێش کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە، لە کاتێکدا بەرپرسانی هەرێمی ڕایانگەیاند؛ بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا کۆپییەکی پلانەکەی پێنەگەیشتووە.

هێشتا ڕوون نییە کە ئایا بڕگەکانی پلانەکە سەبارەت بە حوکمڕانی و ڕێکخستنە ئەمنییەکان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە غەززە دەستیان بە جێبەجێکردن کردووە، یان خێرایی جێبەجێکردنیان چۆن دەبێت لە ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاگربەست.

هەینی ڕابردوو، ترەمپ، کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا بەڵێنی کۆتاییهێنانی خێرای جەنگی غەززەی دابوو، و دواتر دووپاتی کردەوە کە ئاشتی نزیکە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت: “پێموایە ڕێککەوتنێکمان سەبارەت بە غەززە هەیە، ئێمە نزیکین لە گەیشتن بەو ڕێککەوتنە، پێموایە ئەوە ڕێککەوتنێکە کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان، ئەوە ڕێککەوتنێکە کە کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت.”

ناڕوونی پلانەکە

پلانەکە وردەکاری ئەوە ڕوون ناکاتەوە کە چۆن یان بە چ ڕیزبەندییەک بڕگە 21 خاڵییەکە جێبەجێ دەکرێت، جگە لە ئاگربەستی سەرەتایی و ئازادکردنی بارمتەکان و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان.

هەرچەندە پلانەکە دەڵێت کە دانیشتووانی غەززە ناچار ناکرێن شارەکە بەجێبهێڵن، و هەموو ئەوانەی بەجێیانهێشتووە مافی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام باس لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو دانیشتووانە ناکات لە کاتی جێبەجێکردنی “پلانی گەشەپێدانی ئابووری ترەمپ بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە”.

بەرپرسێک، کە بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوی قسەی کردووە بۆ واشنتۆن پۆست بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆسیە دیپلۆماسییە هەستیارە، دەڵێت: “تا ئێستا هیچ شتێک یەکلاکەرەوە نییە، ئەمانە تەنها بیرۆکەی سەرەتایین”، و وتی: “هێشتا چەندین شت هەن کە پێویستیان بە وردەکاری زیاتر هەیە.”

کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بەم پێشنیازانە نەدایەوە، ڕۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” هەندێک وردەکاری پلانەکەی دوێنێ شەممە بڵاوکردەوە.

بەڵام، پێشنیازەکانی ئەمریکا هەندێک وردەکاری وردیان تێدایە. بۆ نموونە، باس لەوە دەکات کە “دوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، ئیسرائیل 250 سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ 1700 کەس لە دانیشتووانی غەززە کە دوای 7ی تشرینی یەکەم دەستگیر کراون ئازاد دەکات و تەرمی 15 کەس لە دانیشتووانی غەززە لە بەرامبەر هەر تەرمێکی بارمتەی ئیسرائیلی کە بگەڕێنرێتەوە ئازاد دەکات.”

گەیاندنی یارمەتییەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری

پێشنیازەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “بە قبوڵکردنی ئەم ڕێککەوتنە، یارمەتی تەواو دەستبەجێ بۆ کەرتی غەززە دەنێردرێت، لەوانە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری (ئاوی خواردنەوە و کارەبا و ئاوەڕۆ) و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان و نانەواخانەکان، و هێنانی کەلوپەلی پێویست بۆ لابردنی پاشماوەکان و کردنەوەی ڕێگاکان”، بەڵام پلانەکە باس لەوە ناکات کە کێ ئەم کارە دەکات یان کێ پارەی بۆ دابین دەکات.

پێشنیازەکان دەڵێن کە “یارمەتییەکان بێ دەستێوەردانی هەردوو لا، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی، لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی تر کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هیچ کام لە لایەنەکانەوە نییە، دابەش دەکرێن”.

ڕوون نەبوو کە ئایا ئەوە دامەزراوەی مرۆیی غەززەش دەگرێتەوە، کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێت و یارمەتی لە باشووری غەززە پێشکەش کردووە.

حکومەتێکی کاتی فەلەستینی

هەروەها پلانەکە “حکومەتێکی کاتی” لە “فەلەستینییە شیاوەکان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی” بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ڕۆژانە لە غەززە لەخۆدەگرێت.

ئەم حکومەتە لەلایەن “دەستەیەکی نێودەوڵەتی نوێ” کە لەلایەن ئەمریکاوە بە ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی تر دامەزراوە، چاودێری دەکرێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتی فەلەستین لە کەناری ڕۆژاوا بەردەوام دەبێت لە چاکسازییە ناوخۆییەکانی تاوەکو لە داهاتوودا شیاو دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.

بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەمریکا “بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ دامەزراندنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی کاتی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەستبەجێ و چاودێریکردنی دۆخی ئەمنی لە غەززە” لە کاتی ڕاهێنانی هێزە فەلەستینییەکاندا.

هاوکات سوپای ئیسرائیل “بە شێوەیەکی ناو بە ناو ئەو ناوچانە ڕادەست دەکات کە لە غەززەدا داگیری کردوون” تا کشانەوەی تەواوەتی.

ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەداوە، کە دوو بڕگەی کۆتایی بەڵگەنامەکە ئاراستەی زیاتر لە 150 وڵات کراون کە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، هەروەها حکومەتە عەرەبییەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتی قبوڵ ناکەن بێ ئاماژەیەکی ڕوون بە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی.

ئەمریکا “هانی گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەدات بۆ گەیشتن بە دیدگایەکی سیاسی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی”.

بەڵام ناتانیاهۆ، لە وتاری ڕۆژی هەینیدا، وتی؛ ئیسرائیل ڕێگا نادات بە حکومەتە ڕۆژئاواییەکان “دەوڵەتێکی تیرۆریستی بەسەرماندا بسەپێنن”، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل ڕێگا نادات بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی یان حوکمڕانی دەسەڵاتی فەلەستین لە غەززە.

شایانی باسە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هێرشەکانی ئیسرائیل زۆربەی کەرتی غەززەیان وێران کردووە، و بەپێی دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە غەززە، جەنگ بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 65 هەزار فەلەستینی و برینداربوونی زیاتر لە 167 هەزار کەسی تر، هەروەها سەدان هەزار لە دانیشتووانی غەززە ئاوارەی خێوەتگا کاتییەکان بوون لە چارەکێکی ڕووبەری کەرتی غەززەدا، و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە کە لە هەندێک ناوچەدا برسێتی توند هەیە.

سەرچاوە؛ واشنتن پۆست

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 76 Today: 2,061 📊 Click Here