پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچەش دەبێت بنێردرێت.
پێشەوا هەورامانی، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، دەبێت مووچە بنێردرێت.
وتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەفتەیەک نووسراوی فەرمی بۆ کۆمپانیای سۆمۆ کرد، کە نەوتەکەی ڕادەست دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئامادەین بۆ هەناردەکردنی نەوت، بەڵام لەو بڕەی هەناردە دەکرێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانەوەی ناوخۆ دەگێڕینەوە ئەوەیتر هەناردە دەکرێت.
هاوکات دوێنێ سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو، “لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە بارەی ڕێککەوتنی نێوانیان دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆر ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت دەکرێت، چونکە دەبێت بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو ڕێککەوتنە واژۆ کرابێت و ئەنجوومەنی دەوڵەتیش وەڵامی خۆی تایبەت بە پرسی داهاتی نانەوتی دابێتەوە”.
هەروەها وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی خۆی بە ئەرێنی بۆ نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە کردووە، کە سێشەممەی ڕابردوو ئاراستەی وەزارەتەکە کرابوو، بۆ ئەوەی بدرێتە لیژنەیەکی ڕاوێژکاری سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکان.
وتیشی: وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکان پیشان داوە، بۆ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەمەش هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەسەر کات و واژۆ کردنی ئەو گرێبەستانە ماوە.
