دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەنجامدانی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دیمەنی سیاسیی ھەرێم بە نادیاری ماوەتەوە، تا ئێستاش کێشە سەرەکییەکانی وەک پێکھێنانی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان لانەیە بەشداربووەکانی حکومەت چارەسەرنەکراون.
کارانەکردنی پەرلەمان نیگەرانیی گشتیی لێکەوتووەتەوە و، زۆرێک لە ھاووڵاتیان و چاودێران ڕەخنەیان لە درێژخایەنی دانوستانە سیاسییەکان گرتووە کە بووەتە ڕێگر لەبەردەم پڕۆسەی یاسادانان و حوکمڕانی و خزمەتگوزارییە گشتیەکان. هاوکات لەماوەی ئەم ساڵەدا عێراق و ناوچەکە چەند ڕووداو و گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیووە و بەشێکیان کاریگەرییان لەسەر داهاتووی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش هەیە.
هەروەها لەسەر ئاستی فیدراڵیش، تەنھا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ ئەنجامدانی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەم پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەویش ڕووبەڕووی فشار و ڕەخنە و تێبینیی لایەنە سیاسییەکان بووەتەوە و تا ئێستا ناکۆکی لە نێوان ماڵی شیعە و سووننەدا هەیە بەهۆی دۆخی ناسەقامگیریی ئابووری و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە تا ئێستاش وەک پرسێکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە بە تایبەتی لە بابەتی داهات و تەرخانکردنی بوودجەی هەرێم و یەکلاییکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە کاتێکدا هەموولایەک بە تایبەت کورد، ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنیووە لە خوولی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زۆرێک لەم کێشانە چارەسەرببن.
ڕووخانی ڕژێمی سووریا و جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل
لەسەر ئاستی ناوچەییدا، یەکێک لە گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکان، ڕووخانی ڕژێمی سووریا بوو کە دوای ٦١ ساڵ لە حوکمڕانیی، دواجار لە هەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ کۆتاییهات و ئەحمەد شەرع کورسی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لەم وڵاتە گرتەدەست و ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێ لە ناوچەکە و، لە هەنگاوێکی دیکەدا لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، هەریەک لە سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوە سەربازییەکان لە ژێر ئیدارەیەکی یەکگرتووی دەوڵەتدا واژوو کرد.
تەنها دوای شەش مانگ و لە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراودا، بەرەبەیانی ١٣ی حوزەیران، ھێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستی پێکرد و، لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا ئیسرائیل بەشێک لە سەرکردە سەربازیی و زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج و زیانی بە ھێزی بەرگری ئاسمانی و بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە گەیاند. ھاوکات ئێرانیش بە ھەڵدانی سەدان مووشەک بۆ ئیسرائیل وەڵامی ھێرشەکەی دایەوە و ئەم جەنگە ١٢ی ڕۆژی خایاند.
دوو ڕۆژ دواتر و لە ١٥ی حوزەیران، هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەستی پێکرد و لەمیانی دووهەفتەدا، زیاتر لە ٤٠ درۆن ئاراستەی کێڵگە نەوتییەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی کران، جگە لەوەی هەشت درۆن ئاراستەی کەرکووک و دوو درۆنیش ئاراستەی مەخموور کران و بووە هۆی لەکارکەوتنی بەشێک لە پاڵاوگەکان و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران زیادی کرد و، لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند کە ھێرشیان کردووەتە سەر سێ پێگەی ئەتۆمی لە ئێران کە بریتیین لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەھان و جەختی لەوە کردبووەوە کە بە تەواوی خاپووریان کردووە.
ڕووداوەکانی جاسەنە و لالەزار
لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە ڕوویدا و دیارترینیان چەکدانانی گرووپێکی ٣٠ کەسیی لە گەریلاکانی پەکەکە بوو لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥ و لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
هەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە ڕووداوێکی دیکەدا، بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥، ژمارەیەک ھێزی ئەمنیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێرشیان کردە سەر ھۆتێل لالەزار (شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی نزیک هاوینەهەواری سەرچنار)، دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر شەڕ و ڕووبەڕووبووەنەوە، سەرۆکی بەرەی گەل لاھوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ھێزی دووپشکی ئەو حزبەیان دەستگیرکرد و تا ئێستاش ژمارەی قوربانییان و دەستگیرکراوانی ئەم ڕووداوە دیارنیە و کەسوکاری بێسەروشوێنان چەندجارێک هانایان بۆ دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان بردووە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان.
هەناردەکردنەوەی نەوت
هاوکات گرنگترین ڕووداویش لەبارەی ئابوورییەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو لە ڕێگای بۆڕی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئەم پڕۆسەیە لە کاتێکدابوو کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بوو، هەناردەی نەوتی هەرێم بە بڕیارێکی دادگای پاریس ڕاگیرابوو، وەک بەرپرسانی هەرێم باسیان لێوە دەکرد، ڕاگرتنی نەوتی هەرێم ببووە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری عێراق و هەرێم کە بە بەهای ٢٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا.
ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگای پاریس کە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ ڕاگیرابوو، بەڵام دوای گفتوگۆ و دانوستانی نێوان ھەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سرووشتییەکانی ھەرێم، دوای ٣٠ مانگ توانرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت، ڕێککەوتنی سێقۆڵی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بکەن.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ڕۆژانە نزیکەی ٢٤٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم بەرھەم دەھێنرێت، بەڵام ١٩٠ ھەزار بەرمیل ھەناردەی دەرەوە دەکرێن و لە ڕێگەی کۆمپانیا سۆمۆوە دەفرۆشرێت، ھاوکات ٥٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ پێوێستی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەکار دەھێنرێت.
ئاگربەستی غەززە
لە ڕووی نێودەوڵەتییەوەش ئاگربەستی غەززە یەکێک ڕووداوە کاریگەرییەکانی ناوچەکە بوو، دوای ئەوەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بزووتنەوەی حەماس وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، هێرشێکی بەرفراوانی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و ئەم شەڕە ماوەی ساڵی خایاند و لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا، ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاندرا و لەماوەی ئەم دووساڵەدا نزیکەی ٦٨ هەزار فەڵەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران جگە لە خاپووربوون و وێرانکردنی ژێرخانی فەڵەستین.
بەپێی ئاگربەستەکەش لە قۆناغی یەکەمدا ھاوکارییە مرۆییەکان گەیشتە غەززە و سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی خاکەکەدا کشایەوە، ھەروەھا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان ئەنجامدرا و قۆناغێکی دیکەش بەڕێوەیە. سێ سەرۆک حزبی سیاسیی لە زیندانن
لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، سێ سەرۆک حزب بە تۆمەتی جیاواز لە زیندانەکانی سلێمانین و خاوەنی ١٧ کورسیی پەرلەمانی ھەرێمى کوردستانن.
لە ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٥، سەرۆکی پێشووی ھاوپەیمانی نیشتمانیی ئارام قادر لە سلێمانی دەستگیرکراوە و تا ئێستا ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی و شوێنی زیندانیکردنەکەی نازانرێت، ھەروەھا ڕۆژی ١٢ی ئابی ٢٠٢٥، بە بڕیاری دادوەری دادگای سلێمانی، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید کە خاوەنی ١٥ کورسی پەرلەمانی ھەرێمى کوردستان و ٩ کورسی پەرلەمانی عێراقە، دەستگیرکرا و بۆ ماوەی شەش مانگ حوکمدرا.
ھاوکات ٢٢ی ئاب دوای شەڕێکی چەند کاتژمێریی، سەرۆکی بەرەی گەل، لاھور شێخ جەنگی لەلایەن ھێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە هۆتێل لالەزار نزیک هاوینەهەواری سەرچنار لە سلێمانی دەستگیرکرا و ژمارەیەکی زۆریش لە ئەندامانی ھێزی دووپشکی سەر بە حزبەکەی دەستگیرکراون و ھەندێکیشیان بێ سەروشوێنن و بەرەی گەل لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان توانی دوو کورسیی بەدەستبھێنێت.
