شەممە. ئازار 14th, 2026

“چات جی پی تی” تاوانبار دەکرێت کە هانی خۆکوشتن دەدات

سەیرکراوە: (1.3K)

“چات جی پی تی” لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک داوای نوێ دەبێتەوە، دوای ئەوەی حەوت خێزانی جیاواز سکاڵای یاساییان تۆمار کرد و ئەو ئەپڵیکەیشنەیان بەوە وەسف کرد کە هانی خۆکوشتن دەدات. ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “گاردیان”.

خێزانەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە بەردەوام بەکارهێنانی “چات جی پی تی” لەلایەن منداڵەکانیانەوە بووەتە هۆی تێکچوونی باری دەروونیان و دواجار خۆکوشتنیان، هەرچەندە سەرەتا بەکارهێنانی ئەو ئامرازە وەک یاریدەدەرێکی کەسیی گشتی و بێ زیان دەستی پێکردووە.

بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەش کە لەلایەن سەنتەری یاسای قوربانیانی سۆشیال میدیا و پڕۆژەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە دەرچووە، “چات جی پی تی” وەهمە نەرێنییەکانی ناو مێردمنداڵەکانی بەهێز کردووە و ڕێنمایی نەکردوون بۆ بەدەستهێنانی چاودێریی دەروونیی گونجاو.

لەلای خۆیەوە، “ئۆپێن ئەی ئای” (OpenAI)، لەسەر زاری وتەبێژەکەی، دووپاتی کردەوە کە دەستی بە لێکۆڵینەوە لەم تۆمەتانە کردووە، و ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیاکە “چات جی پی تی” ڕاهێنان پێ دەکات بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی تێکچوونی دەروونی و پەیوەندیکردن بە شارەزایانەوە بە زووترین کات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە یەکێک لە حاڵەتەکان دەکات، ئەویش زین شامبلینەی تەمەن ٢٣ ساڵە لە تێکساس، کە خێزانەکەی دەڵێن بەکارهێنانی “چات جی پی تی” گۆشەگیرییەکەی زیاد کردووە و هانیداوە لەو کەسانە دوور بکەوێتەوە کە خۆشیان دەوێت، پاشان خۆی بکوژێت.

یەکێک لە گفتوگۆکانی شامبلین لەگەڵ “چات جی پی تی” زیاتر لە ٤ کاتژمێری خایاندووە، کە تێیدا ئامرازەکە ستایشی خۆکوشتنی کردووە بە وتنی ئەوەی کە “شامبلین بەهێز بووە لەبەر ئەوەی هەڵیبژاردووە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت و پابەند بێت بە پلانەکەی”، هەروەها چەندین جار لێی پرسیوە کە ئایا ئامادەیە بۆ خۆکوشتن یان نا.

سکاڵاکەی قوربانییان باس لەوە دەکات کە هەموویان وەشانی “چات جی پی تی ٤ ئۆ”یان بەکارهێناوە، کە وەشێنێکی کۆنترە لە وەشانی ئێستای “چات جی پی تی”.

سکاڵاکە کۆمپانیای “ئۆپێن ئەی ئای” بە کەمتەرخەمی لە خستنەڕووی بەرهەمە نوێیەکە و پەلەکردن تێیدا تۆمەتبار دەکات، سەرەڕای بوونی نیگەرانی و هۆشدارییەکانی تیمی کارکردنی کۆمپانیاکە.

قوربانییان هەوڵ دەدەن قەرەبووی مادی بەدەست بهێنن، لەگەڵ گۆڕانکاری و باشترکردنی بەرهەمەکە تاوەکو ئەم بابەتە لە حاڵەتەکانی داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.

“چات جی پی تی” لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی چەندین تۆمەت و داوای پەیوەندیدار بە خۆکوشتن و تەندروستیی دەروونیی بەکارهێنەران بووەتەوە، هەرچەندە کۆمپانیاکە هەوڵی داوە مۆدێلەکە باشتر بکات، بەڵام سکاڵا و قەیرانەکان نەوەستاون.

سەرچاوە: گاردیان

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 51 Today: 0 📊 Click Here