چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی لەسەر ناردنی نەوت لەهەرێمەوە ڕاگەیاند و دەڵێت: بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕەتدەكەینەوە بۆ ئەو تۆمەتانەی تێیدایەتی و جەختیش لە هەماهەنگی بۆ هەناردەی نەوت دەكاتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، دەبێت بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز و هەناردەکردنیان بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت، بە شێوەیەک کە یەکپارچەیی بڕیاری سەروەریی دەوڵەتی عێراق و مافی هەموو عێراقییەکان بپارێزێت.
ڕاشیگەیاندووە، دەبێت بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت و هەماهەنگییەکی جیددی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە پابەندبوون بە سیاسەت و بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ دەکاتەوە لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت لەم ساتە هەستیارەدا.
وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو ناوەڕۆکەی لە بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتبوو سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت” و پێی وایە “ئەو تۆمەتانەی تێیدا هاتوون نابنە هۆی دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە”.
