هەینی. ئازار 6th, 2026

چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بەردەوام بن

سەیرکراوە: (1.2K)

چوارچێوەی هەماهەنگی کە گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی شیعە لە عێراق لە خۆ دەگرێت جەخت لە بەردەوامی کاری لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و ژێرخانی ژیانی خەڵک هەیە کە دەوڵەت پێوەی پابەندە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بڵاوی کردەوە کە شەوی دووشەممە، چوارچێوەکە ٢٥٢هەمین کۆبوونەوەی خۆی لە نووسینگەی نوری مالیکی ئەنجام دا.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، کۆبوونەوەکە سێ تەوەری تێدا باس کراوە، کە یەکێکیان، خوێندنەوە بووە بۆ ڕاپۆڕتێکی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە بووە و تێدا هاتووە: “گوێ بۆ ڕاپۆرتی سەرۆک وەزیران لەبارەی دۆخی ئاسایش و سیاسی وڵات و هەماهەنگی دامودەزگاکان و بەرپرسیارێتی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیری و بەرژەوەندی هاووڵاتیان ڕاگیرا”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر باسی لێکراوە و چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختی لە کاری لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی “جەختیان لە پێویستیی بەدواداچوون و بەردەوامی کار لیژنەکەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر کردووەتەوە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و ژێرخانی ژیانی خەڵک هەیە کە دەوڵەت پێوەی پابەندە”.

شەوی چوارشەممەی ڕابردوو بە ئاراستەکردنی دڕۆن و مووشەک ھێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم سنووری قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی و بەھۆیەوە ھەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕێکارە یاساییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای هەڵبژاردن و پرسی پێکهێنانی حکوومەت بووە و لەم بارەیەوە لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەروەستی نیشتمانی خۆی بۆ ئەو وادەیەی کە بە پێی دەستووری وڵات دیاری کراوە، دووپات دەکاتەوە و جەخت لە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی خۆی لە ڕەوتی سیاسیدا دەکات.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 122 Today: 2,373 📊 Click Here