چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

چی بکەین ئەگەر دووچاری بەستەڵەک بووین؟

سەیرکراوە: (1.1K)

دیارە دۆخەکانی ڕێگەوبان بە ئاستی جۆربەجۆر کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شۆفێرییکردن هەیە، بە هۆی ناڕونیی بینین و کەمبوونەوەی هێزی لێکخشان لە نێوان شەقام و تایەی سوارڕەوەکاندا و بێگومان کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر خوڵقانی ڕوداوی هاتوچۆ و کەوتنەوەی کارەسات و قوربانی. بەستەڵەک یاخو خلیسکی ڕێگەوبان یەکێکە لە دۆخە خراپەکانی ڕێگەوبان و ڕەنگە مەترسیدارترینیان بێت!

دەکرێت بەستنی ڕێگەوبان پۆلێن بکەین بۆ سێ قۆناغ: 1. قۆناغی بەستنی کەم: کاتێک ڕودەدات کە پلەکانی گەرما لە نێوان 2 پلە سەروو سفر تا 3 پلە لەژێر سفری سیلیزییەوە بێت. لەم بارەدا هەموو شەقامەکان نایبەستێت، بە تەنها چەند شوێنێک دەیبەستێت، وەک سەر پرد کە گەرمی زەوی لێ دورە و شوێنی نسرم یان نزیک دەریا.

2. قۆناغی بەستن: کاتێک ڕودەدات کە پلەکانی گەرما لەنێوان 4 پلەی ژێر سفر تا 12 پلە لەژێر سفری سیلیزییەوە بێت، ئەم جۆرەیان دوو لەسەر سێی شەقامەکان دەیان بەستێت، سەرەڕای سەرپرد و کەنار دەریا و شوێنی نسرم.

3. قۆناغی شەختە: کاتێک ڕودەدات کە پلەکانی گەرما ساردتر بێت لە ١٢ پلەی ژێر سفری سیلیزییەوە. ئەم جۆرەیان سێ لەسەر چوار یان بەشی زۆری شەقامەکان دەیبەستێت.

دوو جۆری بەستن: جۆرەکانی بەستن دوانن، بەستنی سپی و بەستنی ڕەش. بێگومان هەردوو جۆرەکە مەترسیدارن، بەڵام جۆڕی ڕەش مەترسی ئێجگار زۆرترە، چونکە هێزی لێکخشان نزم دەبێتەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم و تا ئاستی سفر دەڕوات و پێویستی بە وریایی زیاتر هەیە.

خۆ ئامەدەکردنی پێشوەخت ئەگەر پەیت بەوە برد کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەستن یا شەختە ڕوودەدات و بەرەو ناوچەیەک دەڕۆیت کە ئەو ئەگەرانە لەگۆڕێ بێت، ئەوا پێویستە ئەم خاڵانە ڕەچاوبکەیت: 1. دڵنیابوون لە باشی و قووڵیی نەخشەکانی سەر تایەکان.

2. بوونی شلەی دژەبەستن (Antifreeze) لە ڕادیاتەری ئۆتۆمبێلەکەدا بە ڕێژەی ٪100.

3. دڵنیابوون لە باش کارکردنی فڵچە و ماتۆڕی ئاوی فڵچەی جامەکان.

4. دڵنیابوون لە هەوای گەرم بۆ جامەکان و کارکردنی ئێرکۆدشنی ئۆتۆمبێلەکەت (AC). چونکە لە کاتی سەرمای زۆردا ڕەنگە بە تەنیا هەوای گەرم دەرەقەتی تەمومژی سەر جامەکان نەیەت.

5. دڵنیابوون لە باش کارکردنی تەلی تەمڕەوێنی سەر جامەکان.

6. دڵنیابوون لە باش کارکردنی لایتەکانی ئۆتۆمبێلەکە.

7. کەمکردنەوەی هەوای تایەکان 5 تا 8 پاوەن بۆ ماوەیەکی کاتی، سەرەڕای داگیرسانی گڵۆپی کەم هەوایی تایەکان، یان بەستنی زنجیر لە کاتی پێویستدا، یاخود بەکارهێنانی تایەی زستانەی تایبەت.

8. پێویستە دڵنیابیت لە باش کارکرنی پاتریی ئۆتۆمبێلەکە.

9. پێویستە شلەمەنی دژەبەستن بکرێتە تێشوی ئاوی فڵچەکانەوە.

10. چاکترە شەحنی مۆبایلەکەت پڕبکەیت بۆ حاڵەتی پەککەوتن یان بەدەنگەوەهاتن و جلوبەرگی گەرم و بەتانی لەناو ئۆتۆمبێلەکەت هەڵبگیرت، لەگەڵ خواردنی لەقوتونراو و ئاوی خواردنەوە.

چۆن لە کاتی بەستن و شەختەدا ئۆتۆمبێل لێبخوڕین؟

بۆ ئەوەی لەم قۆناغانەدا بە سەلامەتی ئۆتۆمبێل لێبخوڕین، پێویستە تێبینی ئەم خاڵانە بکەین: 1. ئەگەر پەیت بەوە برد ڕێگە بەستەڵەکە، ئەوا ئەگەر کرا گەشتەکەت دوابخە.

2. لەسەر نەخشەی گوگڵ تێبینی بکە هەرشوێنێک قەرەباڵغی زۆر و خنکانی هاتوچۆی تیادا بوو، ئەوا ئەگەر زۆرە شەقامەکە لەو ئاستەدا بەستبێتی، بۆیە هەوڵبدە ڕێگەکەت بگۆرە.

3. پێویستە ماوەی سەلامەتی درێژبکەیتەوە بۆ دوو تا سێ هێندەی ئاسایی، واتا چوار تا شەش چرکە، کە دەکاتە خێرایی خۆت کۆ 100 مەتر تا ئەوەندە و نیوی خێراییت کۆ 15 مەتر، واتا ئەگەر لە خێرایی 50كم/ سەعات لێت خوڕی، با ماوەی سەلامەتی خۆت و ئۆتۆمبێلی پێش خۆت لانی کەم 60 تا 90 مەتر بێت.

4. خۆت بەدوور بگرە لە ئیستۆپی تەواو، هەوڵبدە نەرمە ئیستۆپ بەکاربهێنی بە ڕێژەی سێ یەک.

5. خۆت بەدوور بگرە لە خاوکردنەوە و وەستانی کتوپڕ، بەتایبەتی ئەگەر سوارڕەوی دوای تۆ لێتەوە نزیک بوو.

6. خۆت بەدوور بگرە لە بەکارهێنانی سیستمی جێگیرکردنی خێرایی (Cruise control system) . چونکە لە کاتی هەڵخلیسکاندا ئەو سیستەمە هەوڵدەدات قەرەبووی خێرایی بکاتەوە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی جڵەو.

7. هەوڵبدە بە گێڕی قورس ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت تا خاوکردنەوە و وەستان ئاسان بێت.

8. هەوڵبدە لە شوێن تایەی ئۆتۆمبێلی پێش خۆتەوە لێبخوڕیت، بەڵام ئەگەر ببووە هۆی بەستنی ڕەش، ئەوا چەند دەکرێت بەشێک لە کەنار ڕێگەکە بەکار بهێنی.

10. لایتی نزم بەکاربهێنە، تا لە جام و ئاوێنەی سوارڕەوەکانی ترەوە باشتر ببینرێیت.

11. لە کاتی نزمبوونەوەی ئاستی بینین بۆ کەمتر لە 300 مەتر، گڵۆپی تەمی پێشەوە بەکاربهێنە و لە کاتی نزمبوونەوەی ئاستی بینین بۆ کەمتر لە 50 مەتر هەردوو گڵۆپی تەمی پێش و دواوە بەکار بهێنە، ئەگەر کەوتیتە قەرەباڵغی و ڕیزبەستنەوە، پێویستە یەکسەر هەردو گڵۆپی تەمی پێش و دوا بکوژێنیتەوە، تا کاریگەریی نەرێنی لەسەر لێخۆڕەکانی پێش و پاش خۆت نەبێت.

11. هەوڵبدە سیستەمی دژە خلیسکان کارا بکەیت، ئەگەر هەبێت لە ئۆتۆمبێلەکەتدا، واتە (گڵۆپی (TCS OFF یان (Traction Control System off) کوژابێتەوە. بە هیوای سەلامەتی بۆ هەموو بەکارهێنەرانی ڕێگەوبان لە سەرجەم دۆخەکانی ڕێگەوباندا.

ڕێکخراوی ترافیک بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی هاتوچۆ

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 122 Today: 616 📊 Click Here