کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بۆ ماوەی 9 ڕۆژ پێویستیان بە خوێندنگەكان هەیە بۆئەوەی بەكاری بهێن نبۆ ئامادەكاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەنگدانی گشتی و تایبەت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، کۆمسیۆن هەمانگی تەواوی کردووە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ رادەستکردنی باڵەخانەی خوێندنگەكان بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان.
وتیشی، “رۆژی 5ـی تشرینی دووەم تا 13ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەو وادەیەیە کە خوێندنگەكان بۆ پڕِۆسەکە بەکاردەهێنرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوە دیاریکراوەدا باڵەخانەی خوێندنگەكان ئامادە دەکرێن لە رووی هونەری و لۆجستییەوە بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی تایبەت لە 9ـی تشرینی دووەمی 2025 و دەنگدانی گشتی لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025.
پێشتریش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو: بەهۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی 9 رۆژ دەرگای خوێندنگەكان دادەخرێت و پشووی ناوەندەکانی خوێندن دەبێت، كە لە 5 بۆ 13ـی تشرینی دووەمی 2025 دەبێت.
